بارودۆخی ئێستای ناوچەکە نائاساییە

بەشی عێراق و هەرێم کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ ماركۆ كارنیلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌ عێراق و سیرینا مورۆنی كۆنسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ماڵئاوایی و به ‌كۆتاهاتنی كاره‌كانی باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌ عێراق، سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام درابوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌ عێراق سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتییه‌كانی سه‌رۆک وه‌زیران و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ كار و چالاكییه‌كانی خۆی و كۆنسووڵخانه‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیا په‌ره‌ی زیاتریان پێ بدرێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستخۆشیی له‌ ماركۆ كارنیلۆس كرد بۆ ئه‌و كار و چالاكییانه‌ی كه‌ له ‌ماوه‌ی كاركردنیدا وه‌ک باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌ عێراق ئه‌نجامی داوه‌ و ڕۆڵیانی به‌رز نرخاند و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ كار و ئه‌ركی نوێیدا بۆ خواست.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ر دوو لا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌‌ئارادایه‌، نائاسایییه‌ و پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت گرژییه‌كان نه‌مێنن و دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان بگیرێته‌ به‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ڕۆڵی خۆیان له‌م باره‌یه‌وه‌ ببینن و زه‌مینه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بكه‌ن.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8377

Your Comment

You are replying to: .
captcha