هێزه‌کانی هاوپه‌یمانی له‌ هه‌رێم بکشێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ هه‌یه‌

به‌شی جیهان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا هۆشداری ده‌دات ئه‌گه‌ر هێزی وڵاته‌که‌ی و دیکه‌ی وڵاتان له‌ هه‌رێمی کوردستان بکشێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ له‌ عێراق زیاتر ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌ره‌تای هێرشی داعشه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ کوردنشینه‌کان 150 که‌س له‌ هێزه‌کانی خۆی به‌ مه‌به‌ستی ڕاهێنان و مه‌شقی سه‌ربازیی پێشمه‌رگه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ و ڕاسپارده‌ و ئه‌رکی ئه‌و هیزانه‌ له‌ داهاتوویێکی نزیکدا کۆتاییی پێدێت.

هه‌واڵده‌ریی ڕۆیته‌رز له‌مباره‌وه‌ ده‌نووسێت: زیگمار گابریێل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا داوای له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ کردووه‌ ڕاسپارده‌ی هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێم درێژ بکه‌نه‌وه‌ چوونکه‌ به‌هۆی ته‌نگه‌ژه‌ی ئێستای نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پاش به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی له‌ هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێم بکشێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ری پێکدادان و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ عێراقدا زیاتر ده‌بێت.

ناوبراو زیادی ده‌کات: هه‌رچی هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌رێمدا زیاتر بن ئه‌وا ئه‌گه‌ری ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌کان که‌متر ده‌بێته‌وه‌. چۆڵ کردنی هه‌رێم له‌لایه‌ن هێزه‌ بیانییه‌کانه‌وه‌ ده‌بێته‌ نیشانه‌یێکی هه‌ڵه‌ بۆ لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ چۆڵی بکه‌ین ده‌بێ ئه‌گه‌ری شه‌ڕیش قبووڵ بکه‌ین.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا باس له‌وه‌ ده‌کات له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو لایه‌ن دانیشتوون و داوایان کردووه‌ بۆ دابه‌زینی ئاستی ناکۆکی و ته‌نگه‌ژه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕێگای سیاسی بگرنه‌ به‌ر.

زیگمار گابریێل هیوای خواست ئاگربڕه‌ له‌رزۆکه‌که‌ی ئێستای نێوان هه‌ولێر و به‌غدا درێژه‌ی هه‌بێت و لایه‌نه‌کان ڕێگاچاره‌یێکی سیاسی هه‌ڵبژێرن چوونکه‌ شه‌ڕی ناوخۆ له‌و وڵاته‌ ته‌نیا ئێش و ئازاری خه‌ڵک زیاتر ده‌کات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8375

Your Comment

You are replying to: .
captcha