به‌غدا 17%ی بودجه‌ ده‌داته‌ هه‌رێم

به‌شی تورکیا- وته‌بێژی سه‌رۆک كۆماری توركیا ڕای‌گه‌یاند: تا ئێستا ڕێگه‌ی داخستنی هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک- جه‌یهانمان نه‌گرتۆته ‌به‌ر چوونكه‌ داهاته‌كه‌ی بۆ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ده‌ڕوات به‌ڵام به‌غداش 17%ی پشكی هه‌ولێری لێ ده‌دات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم کالین وته‌بێژی سه‌رۆک کۆماری تورکیا وتی: تاکوو ئێستا هه‌نارده ‌کردنی نه‌وتی عێراق له‌ ڕێگای ئه‌و هێڵه‌ گواستنه‌وه نه‌بڕاوه‌ که‌ له‌ تورکیاوه‌ تێده‌په‌ڕێت و داهاته‌که‌ی بۆ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ده‌گوازرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌غدا پشکی 17 له‌سه‌دی هه‌ولێر له‌و داهاته‌ ده‌دات.

ناوبراو وتیشی: "به‌غدا پشکی 17 له‌سه‌دی هه‌ولێر ده‌دات. پێمان گوتن كار به‌و میكانیزمه‌ بكه‌ن. ئێستا هه‌وراز و نشێوێک له ‌په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌یه‌. رۆژێک ده‌وترێت له‌ كۆبوونه‌وه‌دان، ڕۆژی دواتر ده‌وترێت په‌یوه‌ندییه‌كان پچڕاون. ڕه‌وشێكی دژوار هه‌یه‌ و له‌وه‌ تێده‌گه‌ین."

ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ڕاگه‌یێندراوه‌ ده‌سته‌ی وه‌زیرانی عێراق پشکی هه‌رێمی کوردستانی له‌ بودجه‌ی 2018 به‌ 12.8% ڕاگه‌یاندووه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی پاشهاته‌کانی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان جه‌ختی کرد: "به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌رێم زنجیره‌یێک گه‌مارۆی له‌سه‌ر دانرا كه‌ داخستنی سنووری ئاسمانی و هه‌ڵپه‌ساردنی په‌یوه‌ندییه‌كان بوو به‌ڵام ئێمه‌ وتمان نامانه‌وێت کارێک بكه‌ین هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان زیانیان به‌ر بكه‌وێت."

ناوبراو له‌ درێژه‌شدا له‌باره‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی خاپوور- ئیبراهیم خه‌لیلیش وتیشی: "ئێمه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا وتمان یان ده‌روازه‌ی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌نه‌وه‌ یان پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی به‌رن. گه‌ر واتان کرد ئه‌وکاته‌‌ بابه‌ته‌كه‌ی هی ئێوه‌یه ‌و په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، کارێک نه‌که‌ن ئێمه‌ ده‌روازه‌كه‌ دابخه‌ین. چه‌ند ڕۆژێكیشه‌ هه‌ندێ هه‌واڵی دژبه‌یه‌ک بڵاو ده‌کرێته‌وه‌، هه‌ندێک ده‌ڵێن ده‌روازه‌که‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کرێته‌وه‌ و هه‌ندێکی دیکه‌ ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌ هاوكێشه‌یێک كه‌ حكوومه‌تی به‌غدایش پێی ڕازی بێت ڕێكبكه‌ون ده‌روازه‌ی سنووریی خابوور داناخه‌ین."

کالین جه‌ختیشی کرد: ئێستاکه‌ ده‌روازه‌ی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل كراوه‌یه‌ و له‌وێوه‌ ناردنی پێداویستی و به‌رهه‌مه‌كان به‌رده‌وامه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8302

Your Comment

You are replying to: .
captcha