بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕاگەیاندنی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل لە ڕوونکردنەوەیێکدا دەڵێت "ئەو هەواڵانەی کە چەند میدیایێک بڵاوی دەکەنەوە و باس لە دەستبەرداگرتنی دەروازەکە دەکەن لەلایەن سوپای عێراقەوە پروپاگەندەن و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاریی هاوڵاتیانیش بەردەوامە."
ئاماژە بەوەش کراوە، سەردانەکەی دوێنێی عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق بە یاوەری جەمال ئیمینکی سوپاسالاری هەرێمی کوردستان بووە بۆ دەروازەکە و بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەش چوونەتە دەروازەکەوە.
لەو راگەیاندراوەدا ئەوەش هاتووە، سەردانەکە هیچ پەیوەندیی بە کاروباری دەروازەکەوە نەبووە و بە پێی دەستوری عێراق دەبێت بەڕێوەبردنی دەروازەکە لەلایەن فەرمانبەران و کارمەندانی سڤیلەوە بێت و نابێت سوپای عێراق و پێشمەرگە کۆنترۆڵی دەروازەکە بکەن.
دوێنێ ئاژانسى هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسى خاڵە گومرگییەکانى حکوومەتى عێراقەوە بڵاوی کردەوە کە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتى حکوومەتى عێراقەوە و ئاژانسى ئەنادۆڵی تورکیاش هەمان هەواڵى بڵاوکردبووەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە بەزوویی لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە ڕەت کرایەوە.
لەلایێکى دیکەوە شانەی جەنگی عێراق بڵاوی کردەوە، تیمێکی هونەری سەربازی بەسەرۆکایەتیی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بۆ ئاگاداربوون لە جێبەجێ کردنی ڕێوشوێنەکانی بڕیاری حکوومەتی ناوەندی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و بڵاو کردنەوەی هێزە عێراقییەکان لە سەرجەم ئەو سنوورانەی حکوومەتی هەرێم لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە کۆنتڕۆڵی کردوون، چوونەتە دەروازەکە.
محەمەد تاهیر جێگرى سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند، عوسمان غانمى سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق و جەمال ئێمێنکى سوپاسالارى پێشمەرگە پێکەوە سەردانى ناوچەکەیان کردووە و دواى چەند خولەکێک گەڕاونەتەوە.
هەر لەو بارەیەوە دوێنێ بیناڵی یێڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل رادەستی حکوومەتی ناوەندیی عێراق کراوە و لەمەو دوا هەموو ئاڵۆگۆڕەکان لەلایەن بەغداوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment