كۆمپانیای رۆسنه‌فت یه‌ک ملیار دۆلار ده‌داته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له ‌ناوه‌ڕاستی مانگی 11دا كۆمپانیای ڕۆسنه‌فتی رووسی گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و به‌رپرسێكیش ئاشكرای كرد له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی كاره‌كانیدا كۆمپانیاكه‌ یه‌ک ملیار دۆلار ده‌دات به‌ حكوومه‌ت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌فته‌نامه‌ی باس له ‌ژماره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ ئاراس خۆشناو، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیاریی ستراتێژیی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه به‌پێی پلان و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی 11دا گرێبه‌ستی رۆسنه‌فت له‌ بواری نه‌وت و گاز له‌ كوردستان و كرداره‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ و ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

ئاراس خۆشناو راشی‌گه‌یاند: "وێڕای ئه‌و كێشانه‌ی له‌ دوای ریفراندۆم و پاش 16ی ئه‌كتۆبریش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ و حكوومه‌تی رووسیا جێبه‌جێ كردنی گرێبه‌سته‌كانیان دووپات كرده‌وه كه‌ به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌، سه‌ره‌تا كۆمپانیاكه‌ یه‌ک ملیار دۆلار ده‌داته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پاره‌كه‌ش له‌ مانگی 11دا ده‌درێت".

هه‌فته‌نامه‌كه‌ زانیویه‌تی دواتر وێڕای ئه‌و ملیار دۆلاره‌ دوو ملیار دۆلاری‌تریش به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن رۆسنه‌فته‌وه‌ بدرێته‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شێک له‌و پاره‌یه‌ ده‌درێته‌ بانكه‌كان و به‌شێكی‌تریش بۆ پڕۆژه‌ و قه‌رزه‌كان ده‌بێت.

خۆشناو پێی وایه‌ له‌ ڕووی ئابووری و سیاسی و نێوده‌وڵه‌تیدا هاتنی كۆمپانیای رۆسنه‌فت و مامه‌ڵه ‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ر کۆمپانیایێکی‌تری بیانی بۆ خۆی مانایێکی گه‌وره‌ ده‌به‌خشێت و مانه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌.

كۆمپانیای رۆسنه‌فت له‌ مانگی فێبریوێری 2017 له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنی‌ واژۆ كردبوو بۆ كڕینی‌ نه‌وتی‌ خاو له‌ هه‌رێم، پاشان له‌ مانگی 6ی 2017 هه‌ر دوو لا گرێبه‌ستێكیان ئه‌نجام دا، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ كۆمپانیاكه‌ بۆڕیی نه‌وت و غاز راده‌كێشێت و كاریش له‌ چه‌ند كێڵگه‌یێكی نه‌وت ئه‌نجام ده‌دات.

سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیاریی ستراتێژیی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی داون ده‌ستووری و یاسایین ‌و رای‌گه‌یاند "53 گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی نه‌وتی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراون كه‌ تیایاندا زیاتر له‌ 40 وڵاتی جۆراوجۆر هه‌یه‌ و زۆربه‌شیان به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانیان".

ئه‌و راشیگه‌یاند: هه‌ندێک به‌رنامه‌یتریش هه‌یه‌ له‌ مانگی 11 و مانگی 12 دوو گرێبه‌ستیتری نه‌وتی ئه‌نجام بدرێن.

به‌پێی گرێبه‌سته‌كان، رۆسنه‌فت بۆڕیی غازی ھه‌رێم بۆ به‌كارھێنانی وێستگه‌كانی به‌رھه‌مھێنانی كاره‌با و سه‌رجه‌م كارگه‌ ناوخۆییه‌كانی ھه‌رێم دابین ده‌كات و له‌ چه‌ند ساڵی داھاتووشدا غازی ھه‌رێم به‌ بڕی پێویست بۆ بازاڕه‌كانی توركیا و ئه‌ورووپا ھه‌نارده‌ ده‌كات. ھێڵه‌ بۆڕییه‌كه‌ له‌ توانایدایه‌ زیاتر له‌ ٣٠ ملیار پێی سێجا غازی سروشتی ھه‌نارده‌ بكات، سه‌ره‌ڕای دابین كردنی غاز بۆ به‌كارھێنانی ناوخۆیی.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یێک له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌وه‌ی بۆ باس دووپات كرده‌وه‌، له‌ مانگی داهاتوودا كۆمپانیای رۆسنه‌فت ده‌ست به‌ كاره‌كانی ده‌كات و به‌پێی گرێبه‌ستی واژۆكراو كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

سه‌رچاوه‌كه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌: رۆسنه‌فت له‌ مانگی 11دا بڕی یه‌ک ملیار دۆلار ده‌داته‌ هه‌رێمی كوردستان و پاشان پاره‌یتریش ده‌خرێته‌ سه‌ر حیسابی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8197

Your Comment

You are replying to: .
captcha