بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا ئەوەی بە بیری بارزانی هێناوەتەوە كە پرسی مانەوەی لەو پۆستەدا "قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی لە هەرێمەکەماندا خوڵقاند كه سەرباری قەیرانی دارایی، كاره‌ساتێكی سیاسی نەخوازراویشی بەدوای خۆیادا هێنا و نێوماڵی سیاسیی كوردستانی تووشی داڕمان و لێکترازان کرد و پێگه‌ی ههرێمهكهمانی له‌به‌رچاوی دنیادا هێنایه خواره‌وه".
شێخ جەنگی لە بەشێكی پەیامەكەیدا بۆ بارزانی دەڵێت: "دوای رازی بوونتان به كۆتایی هاتنی ماوه‌ی ناشه‌رعیی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌تان، ئیتر ئومێدەوارم بیر له سیناریۆی تر نه‌كه‌نه‌وه و دنه‌ی گه‌ڕێكی تری شه‌ڕی ناوخۆ نه‌ده‌ن و له جیاتی ئه‌وه با هەموو لایەکمان پێکەوە بتوانین برینی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و كاره‌ساته سارێژ بكه‌ین".
سەبارەت بەو لێدوانەی بارزانی كە باسی لە بوونی خیانەت كردبوو لە كەركووک، لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: "ئەگەر ئێمە به شوێن خیانه‌ت و خەنجەرە ژاراوییه‌كانی سه‌ر جەستەی کوردەوە بین لە شه‌ست و سێ، له هەکاری، لە شنۆ و مه‌ریوان و نەغەدە، لە هه‌شتا و چوار، له شه‌ڕی ناوخۆ، له هەولێر، و لە رۆژئاوای کوردستان، و دوا خه‌نجه‌ریش له پێگه‌ی یه‌كێتیی و كوردستانی بوونی كه‌ركووک و... ئه‌وا برینەکان شایەتی دەدەن كه ئەو خەنجەر بەدەستانە، كێن و چین، به‌ڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو برینانە ساڕێژبن و لە جەستە و مێژووی کوردا، كاڵ ببنه‌وه. لە پێناو ئه‌م ئامانجه باڵایه و بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی ناو ماڵی كورد بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردووه. دەمانەوێت لەبری ئەوەی بەوتۆمەتە پوچانەوە سەرقاڵ بکرێین، به هه‌موومان خه‌ریكی خۆ دەربازکردن بین لەم دۆخە ناهەموارەی بۆ گه‌لی كوردستانتان دروست کردووه".
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا بۆ بارزانی، لاهوور شێخ جەنگی نووسیوێتی: "ئێستا كه به‌ڕێزتان كایه‌ی حوكمڕانیی كوردستان جێ ده‌هێڵن، زه‌مینه‌یێک بۆ دروست كردنه‌وه‌ی متمانه له‌ناو خه‌ڵک و بونیاد نانی حوكمڕانییێكی ته‌ندروست هاتۆته پێشه‌وه و پاراستنی ئاشته‌وایی و ئاسایشی كوردستان ئه‌ركی مێژوویی هه‌موو لایێكه، به‌ڵام مێژووی یه‌كێتییش به‌خوێن دروست كراوه و هه‌ركه‌س له ئاست پاراستنی ئه‌و خوێنه‌دا نه‌بێت، شایسته‌ی سه‌ركردایه‌تی كردنی یه‌كێتیی و كوردستان نییه و زوو یان دره‌نگ، ئه‌ویش وه‌ک جه‌نابتان ده‌بێت بڕوات".
دەقی پەیامەكەی لاهوور شێخ جەنگی:
بۆ بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی
وەک چۆن مانەوەی بەڕێزتان لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستاندا، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی لێکەوتەوە، ئومێده‌وارم دەست لە کارکێشانەوەكهتان ببێتە مایەی ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد و ئاسوده‌یی و سه‌قامگیری بۆ گه‌له‌كه‌مان بگه‌ڕێته‌وه.
دەستخۆشیت لێ ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر له دوا ده‌رفه‌تیشدا بووبێت كۆتاییت به‌و گاڵته‌جاڕییه هێنا و ئه‌و رێگه‌یه‌ت هه‌ڵبژارد كه خه‌ڵكی كوردستان چوار ساڵه داوای ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانن.
به‌م هه‌نگاوه هیچ نه‌بێت نیشانتاندا كه به‌های خۆتان بۆ مانه‌وه له پۆستێكی ماوه به‌سه‌رچوودا كه‌متر ناكه‌نه‌وه.
به‌بیری به‌ڕێزتان ده‌هێنمه‌وه كه پۆستی سەرۆکی هەرێم و پرسی ماوەی ویلایەتهكهی ئێوە، قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی لە هەرێمەکەماندا خوڵقاند كه سەرباری قەیرانی دارایی، كاره‌ساتێكی سیاسی نەخوازراویشی بەدوای خۆیادا هێنا و نێوماڵی سیاسیی كوردستانی تووشی داڕمان و لێکترازان کرد و پێگه‌ی ههرێمهكهمانی له به‌رچاوی دنیادا هێنایه خواره‌وه.
بۆیه دوای رازی بوونتان به كۆتایی هاتنی ماوه‌ی ناشه‌رعیی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌تان، ئیتر ئومێدەوارم بیر له سیناریۆی تر نه‌كه‌نه‌وه و دنه‌ی گه‌ڕێكی تری شه‌ڕی ناوخۆ نه‌ده‌ن، له جیاتی ئه‌وه با هەموو لایێکمان پێکەوە بتوانین برینی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و كاره‌ساته سارێژ بكه‌ین. دڵنیابن تەنیا تیمارێک لەم دۆخەدا فریامان بکەوێت، ئاشتیی نێوماڵی خۆمانە. هه‌ر بۆ زانینی به‌ڕێزتان، گەلەکەشمان بەوپه‌ڕی ئهمهكدارییهوه، پاش ئه‌و هەموو قوربانی و سەبر و لە خۆبوردوییهی، تەنیا داوای ئەوەمان لێدەکات.
بۆ ئه‌وه‌ی راستییهكانیشمان بیر نه‌چێت، بیرتان ده‌هێنمه‌وه كه به‌ڕێزتان ته‌نیا رۆژێک دوای ریفراندۆم، و له‌كاتێكدا خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون كه ده‌نگه‌كانیان بگه‌یه‌ننه ئه‌نجام و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رابگه‌یێنن، كه‌چی لە پەیامی ڕۆژی ٢٦ ی ٩ ی ٢٠١٧ دا وتتان: "ئەم ڕیفراندۆمەی ئەنجام دراوە نە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقعە و نە بۆ دیاری کردنی سنوورە" و داواتان كرد حه‌یده‌ر عه‌بادی گفتوگۆتان له‌گه‌ڵ بكات.
هه‌ر له‌و رۆژه‌وه بۆ په‌رده‌پۆش كردنی ئه‌م شكسته، ئێوە هاتن و باسی خیانەتی لایەنێکی دیاری کراو و لێدانی خەنجەری ژاراوی دەکەن. راستیان وتووه سه‌ركه‌وتن باوكی زۆره و شكست بێ خاوه‌نه به‌ڵام بۆ كه‌سێک له پێگه‌ی ئێوه‌دا، جوانتر بوو ئۆباڵی ئه‌و شكست و كاره‌ساته مێژووییه‌تان هه‌ڵگرتبا كه به‌ناوی "ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی"، به‌سه‌ر دۆزی ره‌وای كورد و چاره‌نووسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانتان هێنا.
ئەگەر ئێمە به شوێن خیانه‌ت و خەنجەرە ژاراوییه‌كانی سه‌ر جەستەی کوردەوە بین لە شه‌ست و سێ، له هەکاری، لە شنۆ و مه‌ریوان و نەغەدە، لە هه‌شتا و چوار، له شه‌ڕی ناوخۆ، له هەولێر، و لە رۆژئاوای کوردستان، و دوا خه‌نجه‌ریش له پێگه‌ی یه‌كێتیی و كوردستانی بوونی كه‌ركووک و... ئه‌وا برینەکان شایەتی دەدەن كه ئەو خەنجەر بەدەستانە، كێن و چین. به‌ڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو برینانە ساڕێژبن و لە جەستە و مێژووی کوردا، كاڵببنه‌وه.
لە پێناو ئه‌م ئامانجه باڵایه و بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی ناوماڵی كورد بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردووه. دەمانەوێت لەبری ئەوەی بەوتۆمەتە پوچانەوە سەرقاڵ بکرێین، به هه‌موومان خه‌ریكی خۆ دەرباز کردن بین لەم دۆخە ناهەموارەی بۆ گه‌لی كوردستانتان دروست کردووه. ئەمه ئەرکی ئێستا و پێویستیی قۆناغه تازهكهمانه. به‌ڵام نابێت بێده‌نگیی ئێمه لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ بكرێت و جورئه‌تی دهسكراوهیی بدات به ئێوه كه هه‌رچیتان پێخۆش بوو به‌رامبه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بیكه‌ن، هه‌ر گۆڕێكتان پێ خۆش‌بوو بۆی ههڵكهنن، و هه‌ر چیرۆكێكیان بۆ نووسین، له دژی پێشمه‌رگه و شه‌هیدانی یه‌كێتیی و بۆ چه‌واشه‌كردنی مێژوو، به لاوازیی بیهۆننه‌وه. به حه‌ق ئه‌مه كه‌مته‌رخه‌میی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه كه له ئاست ئه‌و ده‌سدرێژییه مێژووییه‌دا، بێ ده‌نگه و ورته‌ی نایه‌ت.
ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، راگه‌یه‌ندراوی یه‌كێتیی و وته‌بێژی حزبی شه‌هیدان، له سه‌ر خوێنی سه‌دان شه‌هید و بریندار و كاره‌ساته‌كه‌ی ریفراندۆم و كه‌ركووک و ناوچه دابڕێنراوه‌كان و په‌یامه‌كه‌ی بارزانی نه‌یه‌نه ده‌نگ، ئه‌وا سبه‌ی ناچار ده‌بن باجی گه‌وره‌تر بده‌ن و له به‌رده‌م دادگه‌ریی خودا و گه‌ل و دایكانی جه‌رگ سووتاوی كوردستاندا، وه‌ڵام بده‌نه‌وه.
له كۆتایی نامه‌كه‌دا پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم ئێستا كه به‌ڕێزتان كایه‌ی حوكمڕانیی كوردستان جێ ده‌هێڵن، زه‌مینه‌یێک بۆ دروست كردنه‌وه‌ی متمانه له ناو خه‌ڵک و بونیاد نانی حوكمڕانییێكی ته‌ندروست هاتۆته پێشه‌وه و پاراستنی ئاشته‌وایی و ئاسایشی كوردستان ئه‌ركی مێژوویی ههموولایێكه، به‌ڵام مێژووی یه‌كێتییش به‌خوێن دروست كراوه و هه‌ركه‌س له ئاست پاراستنی ئه‌و خوێنه‌دا نه‌بێت، شایسته‌ی سه‌ركردایه‌تی كردنی یه‌كێتیی و كوردستان نییه و زوو یان دره‌نگ، ئه‌ویش وه‌ک جه‌نابتان ده‌بێت بڕوات.
سەرچاوە: میللەت پرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60113
Your Comment