بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەگەڵ ئەوەی ھەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان چڕ بوونەتەوە، یەکێتی و پارتی رێککەوتوون بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم ھەفتەیەدا، بەڵام دوو ئاراستەی سیاسی بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان لە نێوان لایەنەکان، وەک خۆی ماوەتەوە.
تا ئێستا کۆمەڵ و گۆڕان سوورن لە سەر ئەوەی پەڕلەمان کارابکرێتەوە، ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بکات و بڕیاری دواخستنی ریفراندۆم بدات، و پاشەکەوتی مووچە لا بەرێت، ئەوەش بەپێی دوایین راگەیەندراوی ئەو دوو حزبە.
بەرزانی ئەحمەد کوردە، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی پێی وایە ئەگەر کێشەکان بە کۆدەنگی نەبێت و بە چەند لایەنێک بڕیاری لێ­بدرێت، ئەوا چارەسەر نابن.
کوردە وتیشی: کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێ کۆدەنگیی نیشتیمانیی لە سەر بێت، دەبێت ھەموو لایەنەکان، بڕیاری لێ­بدەن، "ئێمە بڕیارمان وایە دەبێت ھەموو حزبەکان پێک بێن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان".
ناوبراو زیادی کرد: یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە، لە داھاتی نەوت و گاز شەفافیەت ھەبێت، بڕیارەکان بە رێککەوتن بدرێت و یاسای ریفراندۆم لە پەرلەمان دەربکرێت.
ئەحمەد کوردە ڕای­گەیاند: بڕیاری یەکێتی و پارتیش دەبێت کۆدەنگیی نیشتیمانیی لە سەر بێت، ئەگەر وا نەبێـت، کێشەکان چارەسەر نابێت، و بەردەوام دەبێت.
بە وتەی سەرچاوەیێکی جڤاتی نیشتیمانی، گۆڕان سێ مەرجی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان داناوە کە دەبێت لەگەڵ ئاسایی کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەموار بکرێتەوە، و پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت و ریفراندۆم دوابخرێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، پێی وایە ئەو ھەوڵانەی ئێستا ھەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، "بەھیچ شێوەیێک کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە.
ئەو پەرلەمانتارە، وتیشی:" پەرلەمان بە کار دەھێنرێت بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی، دووساڵ کاریان بە پەڕلەمان نەبووە، ئێستا کاریان بە پەرلەمانە، کۆمیسیۆن ھەموو رێکارەکانی خۆی تەواو کردووە، لەدەرەوەی یاسا".
ناوبراو زیادی کرد: ئەوان ھەموو شتێکیان تەواو کردووە، بۆ درێژ کردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم، لەگەڵ دووساڵی دیکە بەردەوام بوونی حکوومەت و پەڕلەمان".
کۆمەڵی ئیسلامی، ھاوشێوەی گۆڕان، پێی وایە دەبێت کێشەی سەرۆکایەتی لە پەڕلەمان چارەسەربکرێت، و ریفراندۆم دوابخرێت، بەڵام بۆ ئەگەر کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، تائێستا بڕیاری یەکلا کەرەوەی نییە.
سەرچاوەیێک لە سەرکردایەتیی کۆمەڵ رای­گەیاند، حزبەکەی کۆبوونەوەیێک ئەنجام دەدات و دوای ئەو کۆبوونەوەیە ھەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کە لەگەڵ گۆڕان دەبن یاخود رامان دەگۆڕێت".
پارتی، لەگەڵ یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان رێککەوتووە، بەڵام دەیەوێت گۆڕان و کۆمەڵیش بەشداری کاراکردنەوەکەی بکەن.
نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکرادیەتیی پارتی دەڵێت: ھیوادارام گۆڕان کۆمەڵ و ھەموولایەنەکان بەشدار بن ئێمە ھەموومان خەڵکی یەک وڵاتین ئیشەڵا ئەوانیش دڵیان نەرم دەبێت لەم یەک دوو رۆژە دێن و پێکەوە پەرلەمان کارا دەکەینەوە".
ناوبراو وتیشی"ئەگەرچی پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بەڵام ھیوادارین ھەموولایەنەکان بەشداربن".
یەکگرتووی ئیسلامی کە خاوەنی ١٠ کورسی پەرلەمانی کوردستانە، تا ئێستا پێی وایە دەبێت ھەموو لایەنەکان بەشدار بن لە کاراکردنەوە پەڕلەمان.
بەھار عەبدولڕەحمان، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمان وتی: حزبەکەی پێی وایە پەرلەمان بە رێککەوتن و سازان کارا دەبێتەوە بەڵام بۆ ڕای فەرمی حزب دەگەرێینەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی چوونکە وەک فراکسیۆن پابەندین بە بڕیاری حزبەوە".
عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، پێش وادەی کۆبوونەوەی چاوەڕوان کراوی پەرلەمان سەرکردایەتیی یەکگرتوو کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment