ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕاگەیێندراوێکی 6 خاڵیی بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجام­دانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاری­کراوی خۆی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی یەکشەممە 10\9\2017، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم کۆبووەوە و پاش کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئامادەبووان ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان پارتی و یەکێتی لە 10ی سێپتێمبێری 2017 بۆ کارا کردنەوەی پارلەمانی کوردستانیان بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی گرنگ و نیشتیمانی و مێژوویی وەسف کرا و ئومێدی ئەوە خوازرا ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان".

ئەوەش خراوەتە ڕوو "ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجام­دانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاری کراوی خۆی لە 25ی سێپتێمبێری 2017 لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکاتەوە".

دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم

ڕۆژی یەکشەممە 10ی 9ی 2017 لە سەلاحەدین ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی و ئامادە بوونی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسییەکان و دوایین هەڵوێستی ناوخۆ و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها سەردانەکەی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان پارتی و یەکێتی لە 10ی سێپتێمبێری 2017 بۆ کارا کردنەوەی پارلەمانی کوردستانیان بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی گرنگ و نیشتیمانی و مێژوویی وەسف کرا و ئومێدی ئەوە خوازرا کە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتر بوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای ڕاگۆڕینەوە و گوێ گرتن لە تێبینی و پێشنیاری لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێوشوێنە پڕاکتییەکانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:

یەکەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجام­دانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاری کراوی خۆی لە 25ی سێپتێمبێری 2017 لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکاتەوە و هەموو ئەو دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن.

دووەم: کۆبوونەوەکە بە ڕەچاو کردنی دۆخی هەستیاری کوردستان جەختی لە پێویستیی یەکڕیزی و هاودەنگیی نیشتیمانی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ هەڵمەتی هاوبەشی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم کردەوە.

سێیەم: کۆبوونەوەکە تەئکیدی لە پاراستن و ڕەچاو کردنی ماف و داواکاریی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا کردەوە و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لیژنەی تایبەت بە زەماناتی پێکهاتەکان خرایە بەر باس و داوا لە سکرتاریەتیی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کرا کە داواکارییەکان یەک بخات و کۆبوونەوەکە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکاریی پێکهاتەکان دەربڕی.

چوارەم: حزب و لایەنەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێککەوتن کە ڕۆژی پێنجشەممە 14ی 9ی 2017 پارلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بکاتەوە.

پێنجەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئیجرائات و هەنگاوە پڕاکتیکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووپات دەکاتەوە و داوایش لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکات کە هاوکاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بن.

شەشەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم داوا لە ڕێکخراوە بیانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە بەشدار بن لە چاودێری کردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی خەڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8125

Your Comment

You are replying to: .
captcha