بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیی لە خولوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریى تورکیا و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگرانى سەرۆک، وەزیرى پێشمەرگە، سوپاسالارى هەرێمى کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، ئامادە بوون و باس لە سەردان و دیدارەکانى وەزیرى بەرگریى تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا، هەردوولا جەختیان لە پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنى سەقامگیریى ناوچەکە کردەوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی تورکیای کرد بۆ هاوکارییەکانى لە شەڕى دژى داعشدا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان و دووپاتى کردەوە کە "ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەکوو پێگەیێک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندى میوانى دڵنیا کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەکوو هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.
پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانى هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى، رێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێ کردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment