کوردپرێس، دهقی روونكردنهوهكه بڵاو دەکاتەوە
روونکردنەوەیێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
وەزیری نەوتی عێراق ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونکردنەوە و ڕاست کردنەوەیێک سەبارەت بەو بابەتانە بدەین کە لە چاوپێکەوتنەکەدا باس کراون:
یەکەم: بەڕێز وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە 10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت.
بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتە و سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیێکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق. سەبارەت بە نرخەکەشی بەداخەوە بە هۆی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان.
دووەم: لە چاوپێکەوتنەکەدا وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیێکی مەرکەزی بەڕێوە ببرێت. لە کاتێکدا بە پێی دەستوور، عێراق دەولەتێکی فیدراڵییە و مەرکەزیی نییە. بەپێی دەستووریش، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە. بۆیە داوای ڕادەست کردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایێکی نا دەستوورییە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حکوومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن. هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سێیەم: سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67% دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار 600,000 بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکوومەتی عێراقە نەک هەرێم ، بۆیەش دەبێت حکوومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەم کردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار 30.000 بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردووەتەوە.
چوارەم : وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک سەر بە بەغدان. لە کاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکووک بە پێی دەستوور، ناوچەیێکی کێشە لەسەرە و پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیێک لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment