نەڕەنەڕی بافڵ تاڵەبانی لە ترسی هەڵبژاردن و بۆ پەردەپۆش كردنی تیرۆر و تاڵانكارییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بە نەڕەنەڕ و دەنگ بەرزکردنەوە و خۆتەنگاو کردن کێشەکان چارەسەر ناکرێن، چونکە ئەم هەموو فەوزایەی بافڵ تاڵەبانی و گرووپەكەی دروستیان کردووە، تەنیا بۆ لەبیربردنەوە و داپۆشینی ئەو نادادی و کردەوە تیرۆرستییانەن کە ئەنجامیان داون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ئاژانسی باسنیوزی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر بافڵ تاڵەبانی وەک خۆی دەڵێت ناڕازی بێت لەو دۆخەی ئێستا هەیە، بەتایبەت لە ناوچەكانی بندەستی خۆیان و دەڤەری ڕاپەڕین، یەکێتی ئیدارەی دەدات، ئەوا دەبێت سەرەتا خۆی و ئەو گرووپەی سەر بەون سزا بدات، چوونکە زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەستیان بەسەر ئەو سنوورەدا گرتووە".

ئەوەشی خستە ڕوو، لای هەموان ڕوونە، کە بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی نایانەوێ هەڵبژاردنی کوردستان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەش پەلاماری هەموو شتێک دەدەن، بەردەوام گرفت لەپێش ئەو پرۆسەیە دروست دەکەن، سوور دەزانن گەل ئەمجارەش وەک جاری پێشوو لە هەڵبژاردندا بە دەنگەکانیان خراپتر سزایان دەدات.

لەبارەی هەڕەشەکانی بافڵ تاڵەبانی، کە گوتی "پارتی زەرەر دەکات" ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "نازانین چ نەخشە و پلانێکی دیکەی ناپاکیان لە هەگبە ناوە، بەڵام پارتی هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان قوربانیی داوە و زەرەرمەندیش بووە، تا کوردستان زەرەر نەکات، ئێمە باش دەزانین گرووپێکی نێو یەکێتی ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسکی کەسی و حزبی، زەرەر نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە خودی حزبەکەشیان بدەن".

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەپرسێت، کێ بەرپرسە لە کردەوەی تیرۆرکردنی کادر و ئەفسەرانی نێو یەکێتی؟ کێ بەرپرسە لە دزینی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان؟ کێ بەرپرسە لە بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر و قاچاخچێتی و ئەو بەڵا و ناڕەحەتییانەی تووشی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بووە؟ لەکاتێکدا لەوێ یەکێتی باڵادەستە و کەس ناتوانێ بێ پرسی ئەوان جموجوڵ بکات.

News Code 7813

Your Comment

You are replying to: .
captcha