بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەكێتیدا بکات و ئەگەر هەوڵێکی لەو جۆرەش هەبێت، ئەوا هەنگاوی سیاسی و یاساییمان دەبێت، چوونکە هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە وەڵامی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێردا رایدەگەیەنێت سەرجەم رێکارەکانی یەکێتی لەبارەی پەیڕەو، پرسی سەرۆکایەتی و ئەو سکاڵا و تانانەی لەدژی بڕیارەکانی یەکێتی لە دادگاکان تۆمارکرابوون، بە رێڕەوی یاسایی لە بەرژەوەندی بافڵ جەلال تاڵەبانی یەکلا کراونەتەوە و تەواوی ئەو بڕیارانەش کە دراون، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسەندی کردوون.
لە روونکردنەوەیەکی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە ٧ی شووباتی ٢٠٢٣ ئاڕاستەی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە و ئیمزای فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەسەرە و دوای ئاماژەدان بە رێکارە یاساییەکان و دەرچوونی بڕیارەکان لە دادگای بەرایی لێکۆڵینەوە، فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان و ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەم پرسە روونکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، تەنیا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لایەنی پەیوەندیدارە لە بڕیاردان بۆ کاروباری ناوخۆیی و هیچ لایەنێکی تر بۆی نییە دەستوەردان لەم بابەتانەدا بکات و ئەگەر هەوڵێکی لەوجۆرەش هەبێت، ئەوا هەنگاوی سیاسی و یاساییمان دەبێت، چوونکە هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە.
Your Comment