کوردپرێس:
حافظ الغول توێژەری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جانز هاپکینزی ئەمریکا پێی وایە یەک لە سەرەکیترین کێشەکانی ئێستای عێراق ئەوەیە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەند چارەسەر نەکراوە.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بودجە و نەوت و ناوچەی جێناکۆک کردووە و لە یادداشتێکدا کە لە گۆڤاری ئینگلیزی زمانی "عەرەب نیوز" بڵاوی کردۆتەوە هۆشداریی ئەوەی داوە کە ئەگەر کورد و دەوڵەتی ناوەند بەرەو ئاشتیی نیشتمانی و چارەکردنی ناکۆکییەکانیان نەجووڵێن دۆخی قەیراناوی عێراق و هەرێمی کوردستان نەک هەر بەردەوام دەبێت بەڵکوو دوور نیە ئەو قەیرانە پەرەی زیاتریش بسێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بە پاشەکەوت و یەدەگی دەوڵەمەندی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەبواری نەوت و غاز کردووە و دەڵێت بەڕێوەبردنی نەشیاوی سامانەکان و هەبوونی گەندەڵی و ململانێکان بۆتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە نەتوانێت سامانەکەی بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتییانی بەکار بهێنێت و بەرەو پێشکەوتن هەنگاو بنێت.
توێژەرەکەی زانکۆی جانز هاپکینزی ئەمریکا، ئەو پێشنیازەشی ئاراستەی هەولێر و بەغدا کردووە کە بەم هەموو دەفرایەتییە و بە هەبوونی یەدەگی دەوڵەمەندی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەر ناکۆکییەکان بۆ ماوەیێکی درێژ یانبۆ هەمیشە چارە بکرێن زەمینەی پێویست بۆ سوودمەندبوونی جەماوەر لەو سامانە دەوڵەمەندە فەراهەم دەبێت.
ناوبراوهۆشداریی ئەوەشی داوە کە ئەگەر هەولێر و بەغدا چارەسەرکردنی کێشەکانیان دوا بخەن بە هەمان شێوە دەرفەتی پێشکەوتن و دەبازبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی دەفەوتێنن.
Your Comment