بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، کە چەند ڕۆژێکە لە بەغدان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە: لەمیانی دیدار و چاوپێکەوتنەکانمان لەم هەفتەیەدا وەکوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لە بەغدا گەیشتینە لێکتێگەیشتن و بڕوایێکی هاوبەشی سیاسی سەبارەت بە کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەکانی چاکسازیی ڕیشەیی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، باسمان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ کرد، کە بەردەوام کۆسپ و تەگەرەی دێتە پێش و پێویستی پەلەکردن لە چارەسەر کردنی ئەو کۆسپ و تەگەرانە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتیمانی و پێداویستییەکانی سازان و پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی.
جەعفەر ئێمنیکی دەڵێت: هەرێمی کوردستان لەوەتەی لە ساڵی 1992 و پێش بونیادنانەوەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە، هیچ ڕۆژێک درێغی نەکردووە لە جێبەجێ کردنی ئەرکی سەرشانی بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵ، بەڵکوو ڕۆڵێکی پێشەنگ و تەواوکەر و میحوەریی بینیوە لە بواری ئەمنی و سەربازی و مرۆیی و فریاگوزاری بۆ پاڵپشتی کردنی حکوومەتی فیدڕاڵ، چ لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە قاعیدەوە تا دەگاتە لەناوبردنی داعش، یاخود داڵدەدان و لەخۆگرتنی ملیۆنان پەنابەری هەڵاتوو لە دڕندەیی داعش و تیرۆریستان.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورە و باشی لە بواری بونیادنانەوە و ئاوەدانیدا ناوە، کە ئەویش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەنێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەم چاوپێکەوتنانەدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم قۆناغە هەستیارە و ئەرکی سەرشانی هەمووانە بەرپرسیارەتی مێژوویی بگرنە ئەستۆ و دوور بکەونەوە لە بابەت و پرسە لاوەکییەکان و ورووژاندنی ڕق و کینەی چینایەتی و لایەنگرایەتی، هەروەها وازهێنان لە هەڵمەتەکانی ڕق لێبوونەوە و شێواندن و ناشیرین کردنی بەرامبەر، کە زیان بە هەموولایێک دەگەیەنێت، بەڵکوو دەبێ هەموو لایەک لەجیاتی ئەوە، بیر لە بەرژەوەندیی گشتی و پرسە نیشتیمانی و ستراتیژییەکان بکەنەوە، کە پێگەی عێراق لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەهێز دەکات.
سەرچاوە: خەڵک
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment