بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی سێشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2023، مەسروور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە داڤۆس لهگهڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە، لە کۆڕبەندەکەدا 52 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیران و 600 گەورە بازرگانی جیهانی بەشدارن و پێشهاتە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور و کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق تاوتوێ کرا.
کۆڕبەندەی داڤۆس بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و سەرووی 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن. لە کۆبوونەوەی مەسروور بارزانى و لەتیف رەشید، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەبوو.
Your Comment