به‌رهه‌م ساڵح و عه‌مار حه‌کیم ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر پشتیوانی‌کردنی حکوومه‌ت کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ڕه‌وتی حیکمه‌ کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر پشتیوانی کردنی حکوومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی کارنامه‌ و پێشخستنی ئه‌دای گشتیی حکوومه‌ت کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 16ی ئابی 2019 ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ به‌غدا پێشوازی کرد له‌ عه‌مار حه‌کیم سه‌رۆکی ڕه‌وتی حیکمه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دواپێشھاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌کان و چۆنیه‌تیی پشتیوانی کردن له‌ کارنامه‌ی حکوومه‌ت گفتوگۆیان کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له‌ گرنگی چڕکردنه‌وه‌ی گفتوگۆی جددی کرده‌وه‌ له‌ نێوان گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا، ھه‌روه‌ھا پشتیوانی کردنی حکوومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی کارنامه‌ و پێشخستنی ئه‌دای گشتیی حکوومه‌ت له‌ بواره‌کانی سیاسی و ئابووری و خزمه‌تگوزاریدا.

سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌و ئاسته‌نگانه‌ش کرد که‌ ڕووبه‌ڕووی عێراق ده‌بنه‌وه‌ له‌ پێشکه‌ش کردنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی که‌ شایسته‌ی ھاووڵاتیانن و گرژییه‌کانی ناوچه‌که‌ که‌ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر سه‌قامگیر و ئاسایشی وڵات ده‌کات، ھاوکات تیشکی خسته‌ سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کان له‌ ڕێگای به‌ھێزکردنی گیانی یه‌کڕیزی و کاری ھاوبه‌ش.

به‌رھه‌م ساڵح جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ کاری سیاسیی نیشتمانی له‌ ناو حکوومه‌ت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌ت ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی له‌ پێناو خزمه‌تی گه‌لی عێراق و به‌ره‌وپێشبردنی میکانیزمی پرۆسه‌ی دیموکراسییه‌ له‌ وڵاتدا.

لای خۆشیه‌وه‌ عه‌مار حه‌کیم ھیوای خواست که‌ له‌ قۆناغی داھاتوودا بونیادنانی ده‌وڵه‌تێکی نوێی لێ بێته‌ کایه‌وه‌ که‌ خواسته‌کانی گه‌لی عێراق و به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می دیموکراسی ده‌سته‌به‌ر بکات.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75762

Your Comment

You are replying to: .
captcha