هیچ هەماهەنگییێک لەنێوان ئەو هێزانەی لە شەنگالدان نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- زۆریی هێزە چەكدارەكانی سنووری شنگال، مەترسیی بۆ سەر ئێزیدییەكان دروست دەكات، بەرپرسێكی یەكێتیش داوادەكات هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەكە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حسێن دەرمان، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شنگال، بە SNNی ڕاگەیاند: چەندین جۆر هێزی ناكۆک لە سنووری شنگال هەیە، كە هیچ هەماهەنگییێکیان لەنێواندا نییە و بەیەكەوە كارناكەن، چوونكە بیروڕا و فكریان جیاوازە.

حسێن دەرمان ناوی هێزە چەكدارەكانیشی ئاشكراكرد و وتی:" سوپای عێراق، حەشدی شەعبی، یەبەشە، حزبی دیموكراتی ئێزیدی حەیدەر شەشۆ، پێشمەرگەی پارتی قاسم شەشۆ لەسنووری شنگالن".

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شنگال ئاماژەی بەوەش دا "سەرجەم ئەو هێزە چەكدارانە بوونەتە هۆكار بۆ دروست بوونی مەترسی و نەگەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ زێدی خۆیان".

حسێن دەرمان جەختیشی لەسەر سیاسەتی یەكێتی و مەڵبەندی شنگال كردەوە و ئاشكرای كرد: "وەک یەكێتی پێمان باشە، هێزی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق پارێزگاری لەشنگال بكەن، بەوەش 95%ی ئێزدییەکان دەگەڕێنەوە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی داواش دەكات: "ئەگەر لەداهاتوودا ڕێكەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا بكرێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان، پێمان باشە هێزی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بێت، نەک تەنها هێزەكانی 80ی سەر بەپارتی".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75737

Your Comment

You are replying to: .
captcha