به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه 23ی گه‌لاوێژ به‌رانبه‌ر به 14ی ئابی 2019 حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی وڵاته‌که‌یدا تیشکی خسته سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێکی پێوه‌ندیدار به دواپێشهاتی ناوچه‌که و یه‌ک له ته‌وه‌ره‌کانیش باسی شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراق بوو.
ڕۆحانی گوتیشی: کاتی خۆی نامه و دانووستان له نێوان ئێران و عێراق ئاڵوگۆڕ ده‌کرا و زۆر دژوار بوو که بزانین ئایا نامه‌کان به ڕاستی له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه دێت یان خێر به‌ڵام به گشتی ئه‌و دۆخه دژواره‌مان تێپه‌ڕ کرد و توانیمان قه‌ناعه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی بهێنین که عێراق ده‌ستپێکه‌ری شه‌ڕ بوو.
سه‌رۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌ی به دانووستانی نێوان ئێران و عێراق کرد و ڕایگه‌یاند: له‌و کاته‌دا که‌س بڕوای نه‌ده‌کرد پاش 8 ساڵ شه‌ڕی خوێنین له‌گه‌ڵ بکوژی ڕۆڵه‌کانی نیشتیمان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشین به‌ڵام ئیمام خومه‌ینی(ره) به لێهاتوویی و زیره‌کانه هه‌له‌که‌یان بۆ گفتوگۆ ڕه‌خساند و ڕێگه‌یان به به‌رپرسانی فه‌رمیی ئێران دا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراق ده‌ست به گفتوگۆ بکه‌ن.
شایانی باسه؛ مانگی ئه‌یلوولی 1980 شه‌ڕی چه‌کداری له نێوان ئێران و عێراق ده‌ستی پێ‌کرد که ماوه‌ی 8 ساڵ به‌رده‌وام بوو و ساڵی 1988 کۆتایی پێهات. ئه‌م شه‌ڕه له ئێران به ناوی "به‌ره‌ڤانی پیرۆز، شه‌ڕی سه‌پێندرا و شه‌ڕی 8 ساڵه" ده‌ناسرێت و له عێراقیش به ناوی "قادسییه‌ی سه‌دام و شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو" ده‌ناسێندرێت. نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ کۆتایی ھێنان به‌م شه‌ڕه له ساڵی 1987دا بڕیارنامه‌ی ژماره 598ی ده‌رکرد. به‌ڵام ئه‌م بڕیارنامه‌یه ھه‌تا ساڵی 1988 نه‌ھاته کایه‌وه. له دوای سوڵح ئێران و عێراق گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر سنووره پێشووه‌کانیان که به‌پێی ڕێكکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر له ساڵی 1975 دیاری کرا بوو. هه‌تاکوو ساڵی 2003 ئاخرین سه‌ربازانی به‌دیلگیراوی دوو لایه‌نی شه‌ڕه‌که پێکه‌وه ئاڵوگۆر کران.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment