ناوچه‌ی ئارام کێشه‌ی تورکیا و کوردی سووریا چاره‌سه‌ر ناکات

به‌شی وتار/ جیهان- دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا پێش له‌وه‌ی که‌ کێشه‌کانی ئێستا چاره‌سه‌ر بکات کێشه‌یێکی زیاتر ده‌خولقێنێت و مومکینه‌ پڕۆژه‌ی ئاماژه‌پێکراو هێزی کوردی سووریا گۆشه‌گیر بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، تورکیا و ئه‌مریکا پاش چه‌ندین مانگ دانووستان له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئارامی باکووری سووریا له‌ ئه‌نجامدا دوو لایه‌ن له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگی سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی ئارام به‌ درێژاییی 250 مایل له‌ سنووره‌کانی باشووری سووریا ڕێککه‌وتن. زۆربه‌ی ناوچه‌ی ئاماژه‌پێکراو له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی هیزی کوردی سووریایه‌ که‌ تورکیا ئه‌وان به‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ده‌زانێت. به‌م حاڵه‌شه‌وه ئه‌وان ده‌ورێکی کارایان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا بینیوه‌. تورکیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا دوو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌ کوردییه‌کان ناسراو به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) له‌ سنووره‌کانی تورکیا ئه‌نجام دا و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری ڕای‌گه‌یاند که‌ به‌مزووانه‌ سێهه‌مین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی وڵاته‌که‌ی بۆ سه‌ر کوردی سووریا ئه‌نجام ده‌دات به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا جێگیر کراون. پێده‌چێت زۆربه‌ی ململانێکانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا به‌ دوای ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی نێوان دوو وڵات چاره‌سه‌ر بکرێت به‌ڵام له‌ ڕاستییدا ناکۆکییه‌کان زیاتر ده‌بێته‌وه‌ چوونکه‌ جێبه‌جێ‌کردنی هه‌ر ڕێكکه‌وتنێک له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا پێویستی به‌ دابین‌کردنی هه‌میشه‌ییی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیا و لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورده‌. ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ ناتوانێت گشت مه‌سه‌له‌کان چاره‌سه‌ر بکات.

به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ورده‌کاریی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان دوو وڵات هێشتا دیار نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ چ که‌سێک ناوچه‌ ئارامه‌که‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات یان قووڵایییه‌که‌ی چه‌نده‌ به‌ڵام خولووسی ئاکار وه‌زیری به‌رگریی تورکیا ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ دیدگای ئه‌مریکا و تورکیا هه‌مبه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌یه‌که‌وه‌ نزیکه‌. ماوه‌یێک پێش ئێستا تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام به‌ قووڵاییی 20 مایل له‌ باکووری سووریا و به‌ مه‌به‌ستی سنووردارکردنی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌که‌ و کۆنتڕۆڵ‌کردنی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه‌ چڕ کرده‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ فاکته‌ره‌کانی پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارامی تورکیا و ئه‌مریکا بێت ئه‌م بابه‌ته‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات کێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌کان زیاتر ده‌کاته‌وه‌.

له‌ بنه‌ڕه‌تدا ناوچه‌ی ئارام به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی خه‌ڵک له‌ ناوچه‌ی شه‌ڕ دروست ده‌کرێت و ناوچه‌که‌ش ده‌بێ بێلایه‌ن و بۆ ئامانجێکی مرۆڤدۆستانه‌ دروست بکرێت و هیچ هێزێکی سه‌ربازی تێیدا نه‌بێت. دامه‌زراندنی ناوچه‌یێکی ئارام له‌ قووڵاییی 20 مایلی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات به‌دواداچوون بۆ ئامانجگه‌لێکی دژبه‌یه‌ک ده‌کات و پێده‌چێت 90 له‌سه‌دی حه‌شیمه‌تی کوردی سووریا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات ئاواره‌ بکات و وه‌زعی خراپی مرۆییی ئێستا خراپتر بکاته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م مه‌سه‌له‌ به‌ستێنی پێویست بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌نگه‌ژه‌ و ململانێ ده‌ڕه‌خسێنێت که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ ڕه‌وانه‌کردنی هێزی سه‌ربازیی زیاتر.

دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام خه‌سار له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌دات. ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌وڵه‌کانی بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دووباره‌ی داعش، پاسه‌وانی له‌ هاوپه‌یمانه‌کانی هاوپه‌یمانێتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌که‌ و هه‌روه‌ها ڕێگرتن له‌ نفووزی هه‌ندێک وڵات بۆ ناو سووریا خستۆته‌ گه‌ڕ. هێزی کوردی سووریا کارامه‌ترین و لێهاتووترین هێزی سووریا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بوونه‌. هه‌بوونی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌م ناوچانه به‌ستێنی پێویستی بۆ‌ سه‌قامگیری و جێگیربوونی ده‌وڵه‌تی لۆکاڵی ڕه‌خساندووه‌ که‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانن بۆ ڕێگرتن له‌ داعش. کۆنتڕۆڵی کورده‌کان له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ به‌ستێن، جووڵه‌ و پێداویستییه‌کانی خۆڕێکخستنه‌وه‌ی دووباره‌ی داعش له‌ناو ده‌بات. دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ ده‌رده‌کات تێکڕای هه‌وڵه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان تێک ده‌دات.

تورکیا خواستێکی زۆری بۆ ڕێگرتن له‌ به‌کارهێنانی سنووره‌کانی بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌یه‌. ئه‌نقه‌ره‌ ئیدعا ده‌کات که‌ ئاماده‌بوونی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌و ناوچانه‌ هه‌ڕه‌شه‌یێکه‌ بۆ سه‌ر تورکیا. دروسته‌ که‌ هه‌ندێک ڕووداو له‌ سه‌ر سنووره‌کان ڕوو ده‌دات به‌ڵام ئه‌مانه‌ کارتێکه‌رییێکی که‌میان هه‌یه‌ و به‌ڵگه‌یێکی قایم به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌ریبخات ئه‌م ناوچانه‌ وه‌ک شوێنێک بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر تورکیا به‌کار ده‌هێندرێت. ئه‌مریکا له‌ ڕێگای ئاماده‌بوونی هێزی هاوپه‌یمانان له‌و ناوچانه‌ نفووزێکی زۆری له‌سه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کان هه‌یه‌ و نیگه‌رانییێک له‌باره‌ی دابین‌کردنی ئاسایشی ناوچه‌ سنوورییه‌کانی تورکیا نامێنێت.

خه‌ڵکی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه‌ وه‌ک ڕزگاربوون له‌ ساڵگارێک شه‌ڕ و پێکدادان، پاراستنیان له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێک بۆ ژیاندنه‌وه‌ له‌ ئارامیدا. ئاواره‌کردنی خه‌ڵکی کوردی ئه‌م ناوچانه‌ نه‌ک هه‌ر بێبه‌ری‌کردنی ئه‌وان له‌ مافه‌کانیانی به‌دواوه‌ ده‌بێت به‌ڵکوو شه‌ڕ و پێکدادانی زیاتریشی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

ئه‌و شته‌ی که‌ پێویسته‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام نییه‌ به‌ڵکوو جێگیرکردنی میکانیزمێکه‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی سه‌قامگیر که‌ نیگه‌رانیی هه‌موو لایه‌نه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و پێکهاته‌یێک دروست بکات. هاوکات له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ‌کردنی پڕۆسه‌ی چاودێری و کۆنتڕۆڵ زه‌مینه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دایالۆگ و دانووستانی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کان فه‌راهه‌م بکات. ئه‌م بابه‌ته‌ پڕۆژه‌یێکی ته‌واو نییه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌کان ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌رنابڕن به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها ڕێگای کرداری له‌م ڕێبازه‌دایه‌. ده‌بێ پڕۆژه‌ی ئاماژه‌پێکراو به‌ستێنی چاودێری و کۆنتڕۆڵی هاوبه‌شی ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ کوردییه‌کان، گواستنه‌وه‌ی چه‌کی قورس بۆ مه‌ودایێکی ئه‌من و دوورتر له‌ سنووره‌کانی تورکیا و سووریا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌منی له‌ درێژاییی سنوور بڕه‌خسێنێت. تورکیا ده‌بێ خۆی ببوێرێت له‌ جێگیربوونی هه‌میشه‌یی هێزه‌کانی له‌سه‌ر سنوور و هاوکارییێکی نزیکی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا ببێت له‌باره‌ی جێبه‌جێ‌کردنی ده‌ورییه‌ی هاوبه‌ش، چاودێری و دروست‌کردنی وێستگه‌ی پشکنین له‌ شوێنه‌ هه‌ستیاره‌کانی سه‌ر سنوور.

ده‌بێ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان نفووزی خۆیان به‌کار بێنن و شه‌ریکێکی متمانه‌پێکراو بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو لایێک پارێزراو بێت. مه‌سه‌له‌یێکی زۆر هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ سه‌رجه‌میان لێک بدرێنه‌وه‌ له‌وان پێویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کانی سووریا له‌ تورکیا که‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێ‌کرانی بابه‌ته‌که‌ له‌ئارادایه‌ به‌ڵام ده‌بێ پێش له‌ هه‌ر شتێک میکانیزمی ئه‌منیی پێویست جێبه‌جێ بکرێت. ئێمه‌ ده‌سته‌به‌ربوونی ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌ مه‌نبه‌ج و ته‌ل ڕه‌فعه‌ت بینی که‌ تێیدا هاوپه‌یمانان به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا زه‌مینه‌ی دڵنیابوون له‌ وه‌رگرتنی یارمه‌تیی مرۆڤدۆستانه‌یان بۆ که‌مپی ئاواره‌کان فه‌راهه‌م کرد. هیچ یه‌ک له‌م مودێلانه‌ ته‌واو نیین و که‌موکۆڕییان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م پڕۆژانه به‌ستێنی‌ که‌شێکی ئارام و سه‌قامگیر ده‌ڕه‌خسێنێت و هه‌لێک بۆ دیبلۆماسی فه‌راهه‌م ده‌کات که‌ به‌دواداچوون بۆ ڕێچاری سیاسیی درێژخایه‌ن ده‌کات.

به‌ڵام ڕێچاری گونجاو بۆ چاره‌کردنی کێشه‌ی ئه‌منی که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی تێدا به‌شدارن هه‌وڵی تورکیایه‌ بۆ چاره‌کردنی ئاشتییانه‌ی مه‌سه‌له‌ی ناوخۆی کوردی ئه‌و وڵاته‌. مومکینه‌ به‌ بۆنه‌ی لاوازبوونی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و یارمه‌تی‌گرتنی ناوبراو له‌ ناسیۆنالیسته‌کان کاتی چاره‌کردنی بابه‌ته‌که‌ نه‌گه‌یشتبێت به‌ڵام ده‌بێ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو هه‌وڵی دیپلۆماتیک بدات بۆ هاندانی لایه‌نه‌کان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ست‌پێکردنی ڕێچاری ئاشتییانه‌.

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترست

نووسه‌ران: گۆنۆل تۆل به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی تورکیا له‌ په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و ژێنڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل فه‌رمانده‌ی پێشووی ئه‌رکانی فه‌رمانده‌ییی ناوه‌ندیی هێزه‌کانی ئه‌مریکا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75671

Your Comment

You are replying to: .
captcha