کوردپرێس:
ئاڵدار خه‌لیل ئه‌ندامی ده‌سته‌ی جێبه‌جێکاریی جڤاکی دیموکراتی کوردی سووریا (TEV-DEM) گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌مدواییه له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریای لێکدایه‌وه و به دۆیچهولهی تورکی گوت: ده‌کرێت له نێوان ئێمه و تورکیا ناوچه‌یێک وه‌ک ناوچه‌ی ئارام دیاری بکرێت و هێزه‌کانی یه‌په‌گه له ناوچه‌که بکشێنه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ناوچه‌یه نابێت شاره‌کان له‌خۆ بگرێت و ته‌نها مه‌ودای نێوان شاره‌کان له‌خۆ ده‌گرێته‌وه و کۆنتڕۆڵی ناوچه‌که‌ش له ئه‌ستۆی هێزی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ئێمه پێشنیاری ئاماده‌بوونی هێزی لۆکاڵیمان بۆ پشتیوانی له سنووره‌کان ئاراسته کرد. له‌باره‌ی چاره‌نووسی چه‌که قورسه‌کانیش هه‌ندێک بابه‌ت ئاراسته کراوه که له ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ له‌سه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت. له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا که له ئه‌نقه‌ره وه‌ده‌ست هاتووه له‌سه‌ر سێ ماده ڕێککه‌وتوون: ئه‌نجامدانی به‌په‌له‌ی ڕێوشوێنی پێویست بۆ چاره‌سه‌رکردنی نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌کانی تورکیا، هه‌ماهه‌نگی و هاوکاریی دووقۆڵی بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام و دروستکردنی زووبه‌زووی ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام و هه‌ڵێنانی هه‌نگاوه‌کان بۆ دروستکردنی ڕێڕه‌وی ئاشتی به مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سووری له خاکی تورکیا بۆ وڵاته‌که‌یان. ئێمه‌ش له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که به‌شێک له لایه‌نی دانووستانکار بین پێشنیارمان ئاراسته کرد. پێده‌چێت که پێشنیاره‌که‌مان بۆ گفتوگۆی سێقۆڵی له‌لایه‌ن تورکیاوه په‌سه‌ند نه‌کراوه به‌ڵام ورده‌کاریی ڕێککه‌وتنه‌که هێشتا دیار نییه. ڕوانگه و بۆچوونی گشتگیری ئێمه له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنه‌که قبووڵکردنی بابه‌ته‌که له ڕێگای دایالۆگ و دانووستانه؛ له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ورده‌کاریی ڕێککه‌وتنه‌که و ئاراسته‌کردنی بڕگه‌کانی ده‌خه‌ینه به‌ر باس و لێکدانه‌وه.
ناوبراو له درێژه‌دا زیادی کرد: ڕێککه‌وتنێک که پاش ئاماده‌ییی تورکیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر کوردستانی سووریا دروست بووه پێده‌چێت به‌س نه‌بێت. به‌گشتی تورکیا درێژه به هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌دات. هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌ردۆغان دژی خه‌ڵکی ناوچه‌که به‌رده‌وامه. پێم وانییه که تورکیا ته‌نها کارگه‌لێکی وا ئه‌نجام بدات. له ڕۆژانی داهاتوودا تورکیا هه‌ر کاتێک هه‌لی بۆ بڕه‌خسێت بۆ هێرشکردنه سه‌ر ناوچه‌کانی ئێمه بیانووی ده‌بێت. تورکیا به به‌کارهێنانی شه‌ڕی ناوخۆییی سووریا هه‌وڵه‌کانی بۆ په‌ره‌پێدانی قه‌له‌مڕه‌وی خۆی چڕ ده‌کاته‌وه. تورکیا خه‌ریکه ناوچه‌کانی سووریا داگیر ده‌کات و تاکوو ئێستا هیچ به‌رپرسێکی سووریا لێدوانێکی له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی تورکیا له ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌رنه‌بڕیوه. ناتوانین کرده‌وه سه‌ربازییه‌کانی تورکیا له ناو سووریا قبووڵ بکه‌ین، ئێمه نامانه‌وێت له سووریا جیا ببینه‌وه. باشترین ڕێچار بۆ قه‌یرانی سووریا چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانه وه‌ک لایه‌نی سووری- سووری له ناو خۆماندا.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment