په‌رله‌مانتارێکی کوردی عێراق: هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت

به‌شی جیهان- سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین ده‌ڵێت: ده‌وڵه‌تی تورکیا ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئاسمانییه‌کانی بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌بێ ڕاوێژ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ئه‌نجام ده‌دات.

کوردپرێس:

هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵوی تورکیا باسی له‌وه‌ کرد که‌ ڕۆژی 27ی مه‌ی 2019 ده‌وڵه‌تی تورکیا ئۆپه‌راسیۆنێکی له‌ژێر ناوی چنگ له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ سه‌ر هێزه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ چیای قه‌ندیلی باکووری عێراق ده‌ست پێکردووه‌. تورکیا ده‌یهه‌وێت ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ چیای قه‌ندیلی هه‌ڵکه‌وتوو له‌ باکووری هه‌رێمی کوردستان چڕ بکاته‌وه‌ و هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ربکات. به‌ بۆنه‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ ژماره‌یێکی زۆر خه‌ڵکی سڤیلی هه‌رێمی کوردستان کوژراون. هه‌م حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌م ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌سه‌ر هێرشه‌کانی تورکیا نه‌هاتوونه‌ته‌ده‌نگ.

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین په‌رله‌مانتاری کوردی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی بۆردومانه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ هه‌واڵده‌ریی سپۆتنیکی گوت: تورکیا ئه‌م بۆردومانانه‌ به‌پێی ڕێککه‌وتنی ئه‌منیی ده‌یه‌ی 1980 له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌نجام ده‌دات که‌ هێشتاش کاری پێده‌کرێت.

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌: هیچ یه‌ک له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا به‌ هه‌ماهه‌نگی یان ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ئه‌نجام نادرێت.

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین گوتیشی: بۆردومانه‌کانی تورکیا له‌ عێراق کێشه‌ و گرفتێکی زۆری دروست کردووه‌ و دۆخێکی دژوار هه‌م بۆ عێراق و هه‌م بۆ تورکیا له‌ ناو عێراق ده‌خولقێنێت.

په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێی وایه‌ که‌ به‌شێک له‌م کێشه‌یه‌ بۆ کاروباری ناوخۆی تورکیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ک کورد و ده‌وڵه‌تی عێراق که‌واته‌ هه‌وڵێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ نادرێت.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌شێک له‌ کێشه‌ی بۆردومانه‌کانی تورکیا له‌ هه‌رێمی کوردستان سیاسییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ کوردی دیکه‌ی وڵاتانه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ کورده‌کانی عێراق ناتوانن له‌مباره‌وه‌ کارێک بکه‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانن ده‌ورێکیان بۆ چاره‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ ببێت هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ چڕ ده‌که‌نه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75590

Your Comment

You are replying to: .
captcha