بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئامارەکانی نەوتی ناوچەکەی بەم شێوەیە بڵاو کراوەتەوە:
زیاتر لە 145 ملیۆن و 511 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە.
بە تێکڕای ڕۆژانە 398 هەزار 704 بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان 100.79 دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە 87.85 دۆلار فرۆشتووە.
کۆی داهاتی نەوتی هەرێم نزیک لە 12 ملیار و 784 ملیۆن 354 هەزار دۆلار.
بڕی 7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار دۆلار بەڕێژەی 56% چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە.
بڕی 5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار دۆلار بەڕێژەی 44% کە بەرامبەرە بە 8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی هەرێم.
نەوتی هەرێم لە لایەن کەشتی 12 وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و 30% نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی 22%، ئیسرائیلییەکان 15%ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە.
یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 1/1/2022 – 31/12/2022، بڕی 145 ملیۆن و 511 هەزار 745 بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە.
بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە 13 ملیۆن و 340 هەزار بەرمیل.
کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە تشرینی دووەم بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە 10 ملیۆن و 345 هەزار بەرمیل.
هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە ساڵی 2022دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە 398 هەزار و 704 بەرمیل نەوت. بڕوانە خشتەی ژمارە 1
دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان
بە تێکڕا لە ساڵی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە 100.79 دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە 12.94 دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە 87.85 دۆلار فرۆشراوە.
بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە 108.25 دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە 68.06 دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە 1
سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022
1- کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بڕی 145 ملیۆن و 511 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە 87.85 دۆلار فرۆشراوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ 12 ملیار و 748 ملیۆن و 353 هەزار و 956 دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ 1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426 دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی تشرینی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ 811 ملیۆن و 875 هەزار و 600 دۆلار.
2- خەرجی نەوتی هەرێم
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو 56%ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ 7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 215 دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ 754 ملیۆن و 258 هەزار و 79 دۆلار.
کەمترین خەرجیش لە مانگی تشرینی دووەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ 454 ملیۆن و 650 هەزار و 336 دۆلار.
3- داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکوومەتی هەرێم
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت 44%ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکوومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی 2022دا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکوومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە 5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741 دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە 8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن و 823 هەزار دیناری عێراقی.
چوارەم: نەوتی بارکراوی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا بڕی 145 ملیۆن و 511 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەش لە لایەن کەشتی 12 وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و 30% نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی 22%، ئیسرائیلییەکان 15%ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە.
بە دوای ئەوانیشدا کرواتییەکان 9%، رۆمانییەکان 4%، ئیسپانییەکان 3%، کەشتی وڵاتانی تورکیا و تایوان و سەنگاپورەو چین 2% و ئەمریکییەکانیش 1%ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. 6%ی نەوتی بارکراوی هەرێم ناسنامەی کەشتییەکان دیار نییە.
سەرچاوەکان
- ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 وەرزی یەکەم، ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
- ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 وەرزی دووەم، ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
Your Comment