کوردپرێس:
حه‌مه هه‌ژار سه‌رۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی بیانیی هه‌رێم به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئێستا له كوردستان 22 هه‌زار كرێكاری بیانی هه‌ن كه خه‌ڵكی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئاسیایان تێدایه به‌ڵام له قه‌یرانی داراییدا به‌شێک له كرێكارانی بیانی ڕۆیشتنه وڵاتانی ئه‌ورووپا، ئه‌گه‌رنا ڕێژه‌كه زیاتر بوو."
ناوبراو زیادی کرد: "به‌رده‌وام كرێكاری بیانی ده‌ڕۆن و كرێكاری نوێ دێن به‌ڵام ڕێژه‌ی ڕۆیشتن زیاتره له هاتن، خۆشمان به‌نیازین سێ هه‌زار كرێكار بنێرینه‌وه بۆ وڵاته‌كانی خۆیان به‌ڵام كۆنسووڵخانهكانیان هاوكاریمان ناكه‌ن و مه‌رجی قورسیان هه‌یه و ئامانجی ئێمه‌ش له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و سێ هه‌زار كرێكاره بۆ ئه‌وه‌یه یه‌كه‌م هه‌لی كار بۆ خه‌ڵكی خۆمان بڕه‌خسێنین، دووه‌م ده‌مانه‌وێت ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ڕواته ده‌ره‌وه بۆ ناوخۆی خۆمان به كار بێته‌وه، سێیه‌میش ئه‌و كرێكارانه زۆربه‌یان نه‌خۆشییان هه‌یه باشتره دووریان بخه‌ینه‌وه له وڵات."
سه‌رۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی بیانیی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی: "به‌شێک له كرێكارانی بیانی نه‌خۆشیی ئایدز و ڤایرۆسی كهمهندییان هه‌یه بۆیه داوا ده‌كه‌ین له كاتی هاتنی كرێكاری بیانی‌دا پشكنینی ته‌ندروستی توندتر بكرێت."
ناوبراو داوایشی له به‌رپرسانی باڵای حکوومه‌ت کرد ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه له لایه‌ن ڕێكخراوی كرێكارانی بیانییه‌وه ئاماده كراوه له نزیكه‌وه ببینن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment