به‌رهه‌م ساڵح: عێراق گرنگایه‌تی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی میسر و ئۆردۆن له‌ به‌غدا کۆ بوویه‌وه‌ و باسی له‌وه‌ کرد که‌ وڵاته‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ لایه‌وه‌ گرنگه‌.

کوردپرێس:

ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 4ی 8ی 2019 به‌رھه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمار له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازی کرد له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر سامح شوکری و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆردۆن ئه‌یمه‌ن سه‌فدی و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌ختی له‌ گرنگیی به‌رده‌وامیی ڕاوێژ و ھه‌ماھه‌نگی له‌ نێوان وڵاتانی دۆست کرده‌وه‌ له‌ گشت بواره‌کاندا به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ‌گۆڕانکاری و پێشھاته‌کانی ناوچه‌که‌.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ عێراق گرنگی ده‌دات به‌ به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی کرانه‌وه‌ به‌ ڕووی وڵاتانی دۆستدا و‌ عێراق به‌ په‌رۆشه‌وه‌ کار بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌کات له‌ ڕێگای گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ پێشھات و پرسه‌ ھه‌نووکه‌ییه‌کان، ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌ی دا به ‌گرنگی به‌ره‌وپێشبردنی کاری ھاوبه‌ش له‌پێناو پێشخستنی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی بۆ گه‌لانی ناوچه‌که‌.

ھه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌ کۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵیی نێوان وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و میسر و ئۆردۆن له‌ به‌غدا کرد و ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌و ھه‌نگاوه‌ به‌رجه‌سته‌ی خواستی عێراقه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌مان ببێته‌ شوێنی به‌یه‌کگه‌یشتنی وڵاتانی دۆست و برا و ئاڵۆگۆڕکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ھاوبه‌شه‌کان به ‌جۆرێک یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ به‌دیھێنانی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌دا، ھاوکات دووپاتیشی له‌ پێویستی به‌داواداچون و جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی کۆبوونه‌وه‌ی لووتکه‌ی نێوان ھه‌ر سێ وڵات کرده‌وه‌ که‌ له‌ مانگی ئازاری ساڵی پار له‌ قاھیره‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ لای خۆیانه‌وه‌ ھه‌ر دوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر و ئۆردۆن خواستی وڵاته‌کانیان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی میکانیزمی ھاریکاری ھاوبه‌ش له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا ده‌ربڕی، ھاوکات پشتیوانی وڵاته‌کانیان بۆ خواستی گه‌لی عێراق دووپات کرده‌وه‌ له‌ ھه‌وڵه‌کانی بۆ به‌ده‌ستھێنانی ژیانێکی ئاشتییانه‌ و خۆشگوزار.

ھه‌ر له‌دیداره‌که‌دا که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق محه‌مه‌د علی حه‌کیم ئاماده‌ی بوو تاوتوێی چۆنییه‌تیی به‌ره‌وه‌پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان وڵاتی عه‌ره‌بی و ھه‌وڵه‌کانی گه‌یشتن به‌ ڕێگاچاره‌ی سیاسییانه‌ بۆ قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌که‌ و پشتیوانیی عێراق له‌ پرۆسه‌ی دووباره‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کان کرا.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75507

Your Comment

You are replying to: .
captcha