بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە: "محەمەد شیاع سودانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە خەمهێنەرەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غاز دەردەبڕێت کە دوایینیان لە شاری دهۆک بوو، سەرەخۆشیی و هاوخەمیی تەواوی خۆی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان رادەگەیەنێت".
هاوکات جەخت کراوەتەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەت و دامەزراوە فیدرالییە پەیوەندیدارەکانی عێراقی راسپاردووە، تاوەکوو هاوکاریی تەواوی لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
هەر بە گوێرەی ئەو راگەیاندراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پێویستی زانیوە، بە وردی لە هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە بکۆڵدرێتەوە و سەرجەم ڕێوشوێنەکانی گەرەنتی کردنی سەلامەتییان بگیرێتە بەر.
لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی رووداوەکە خواستووە.
Your Comment