بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوابەدوای ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی کوردستان، هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهاوکاری نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیان پەسەند کرد.
بەڕێوەنەبردنی هەڵبژاردنی نوێ و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ئێستا بووە هۆی ڕەخنەی توند و تەنانەت کشانەوەی هەندێک لایەن لەوان جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان.
یووسف محەمەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە نەیارانی سەرسەختی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ئێستایە. ناوبراو بە ڕۆژنامەی نیوعەرەبی-ی ڕاگەیاندووە، لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ئێستای هەرێمی کوردستان سکاڵای لەلای دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار کردووە.
ناوبراو دووپاتیشی کردەوە، لە دوای کۆتایی هاتنی خولی ئێستای پەرلەمان لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە، شەرعیەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی حکوومەت و پەرلەمانی ئێستا کۆتایی هاتووە.
سەرۆکی پێشووی پەرەمانی کوردستان دووپاتیشی کردەوە، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ئێستای هەرێمی کوردستان کارێکی نایاساییە.
Your Comment