بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبەر ئەحمەد، که هاوکات وهزیری ناوخۆی حکوومهتی ههرێمی کوردستان، به میدیای نزیک له سهرۆکی حکوومهتی راگهیاندووه، بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت، دەبێت تاوانباران بدرێنە دادگا و یاسا رۆڵی خۆی ببینێت، ئهوانهی له رووداوه تیرۆریستییهکهی ههولێر دهستنیشانکراون، پێویسته رادهستبکرێن، ئهمه پهیوهندی به هیچ حزبێکهوه نییه و پرسهکه به پهیوهندی به تیرۆرهوه ههیه.
رێبهر ئهحمهد دهشڵێت: دەستی هاوکاری بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکەین و پارتی کێشەی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە. هەر لایەنێک دەیەوێت خزمەت بکات، دەبێت هاوکاری حکوومەت بکات.
ڕۆژی 7 ی مانگی دەی 2022 لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، لە ڕێگەی بۆمبی لکێنراوەوە بە ئۆتۆمبێلەکەی، عەقید (هاوکار جاف) کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا خۆی گیانی لەدەست دا و چەند کەسێکی خێزانەکەشی برینداربوون، ئەم ڕووداوە جارێکی تر، گڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەردایەوە و تائیستاش پهیوهندییهکانیان ئاڵۆزه.
هاوکار جاف، عەقیدێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بوو، بەڵام دوای تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی پێشتری یەکێتی، ئەم پلەدارە لە شاری هەولێر بەیەکجاری گیرسایەوە، بەو پێیەی ئەوکات لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیکبوو، تا لە ڕۆژی 7ی مانگی دەی ئەمساڵ کرایە ئامانج.
دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، دان پێدانان و گرتەی ڤیدیۆیی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتییان بڵاو کردەوە، گوایە ئەوان لە پشت ڕووداوی "تیرۆر"کردنی عەقید هاوکار جافەوەن، بەڵام دواتر دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەرگری لە ئەفسەرەکانی کرد و گرتە ڤیدۆییە بڵاوکراوەکانی بە سیناریۆ ناوبرد.
Your Comment