بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەمڕۆ شەممە 10-9-2022، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: لە رێگەی زانیاریی هەواڵگری، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق؛ هێزی ئاسمانی عێراق لە 20-8-2022، بۆردوومانی شوێنكی چەکدارانی داعشیان لە زنجیرە چیای حەمرینی سنووری پارێزگای سەلاحەددین کرد، کە سەرکردەی دیاری داعشی تێدابووە.
بەگوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، دڵنیابوونەتەوە کە "محەممەد رەشید جاسم" ناسراو بە "ئەبوو حوزەیفە" و هەروەها "ئەبوو فاتیمە عەسکەری" لە سەلاحەددین کوژراون، کە بە "تیرۆریستی مەترسیدار" ناوی بردوون. دەشڵێ: "لە رابردوودا ئەمانە بەشداربوون لە هێرش و پەلامارەکانی سەر بە هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان و بە یەکێک لە سەرکردەکانی داعش دادەنرێن".
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رۆژی یەکشەممە 04-09-2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "لە رێگەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە، مۆڵگەیەکی تیرۆریستانمان لە ناوچەی چیمەن لە نزیکی بەنداوی خاسە لە پارێزگای کەرکووک ئاشکرا کرد."
شانەکە گوتیشی: "دوای بۆردوومان کردنی مۆڵگەکە لەلایەن فڕۆکەکانی جۆری ئێف-16ی هێزی ئاسمانییەوە بەرپرسی بەناو کەرتی دووبز ناسراو بە (ئەبوو دونیا) و دوو لە یاریدەدەرەکانی کوژراون؛ دواتر هێزێکی ئاژانسی هەواڵگری شوێنی بۆردوومانەکەیان پشکنی و تەرمی کوژراوەکانیان دۆزییەوە."
Your Comment