کوردپرێس:
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، کاروانێکی دیکەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش، گەیشتوەتە وەزارەتی پێشمەرگە کە لە چەک، ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی پێکهاتوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانەوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای "یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە 2010" وە پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا هەیە و لە 2013وە هاوکاریکراون، بەڵام لەدوای شەڕی داعشەوە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان زیادیکردوە.
یارمەتییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە جگە لە دابینکردنی ئۆتۆمبێل و کەرستەی سەربازی، پێدانی بەشێک لە موچەی پێشمەرگە بوە کە بە وتەی عەقید وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانانیش، هاوپەیمانان تائێستا 850 ملیۆن دۆلاریان وەک موچە خستوەتە سەر حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە.
جەبار یاوەر دەشڵێت،" یەکەمجار لەساڵی 2016 ئەمریکا 430 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینکرد، تا ئێستا هاوکارییەکان بەردەوامن، ماوەیەک بەر لەئێستا دو لیوای هێزەکانی پێشمەرگە چەکدارکران، بڕیاروایە هەمو هێزەکانی پیشمەرگە پڕچەک بکرێتەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە."
جەبار یاوەر، باسی لەوەش کرد لە بودجەی ساڵی 2021 دا ئەمریکا 166 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دیاریکردوە، ئەوەش بەشی هەمو موچەی پێشمەرگە ناکات و بەشێک لە پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە موچەیان پێدەدرێت.
Your Comment