بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی چوارشەمە 9ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 31ی تەمووزی 2019 بە کاتی واشەنتن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بڕیارێکدا ڕایگەیاند ناوی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران خراوەتە لیستی کەسایەتییە سزادراوە ئێرانییەکان.
نزیکەی یەک مانگ لەوەو پێش بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو کە بەنیازن سزا بخەنە سەر وەزیری دەرەوەی ئێران بەڵام لە هەمان کاتدا ژمارەیێک میدیای ڕۆژئاوایی گوتیان پێ دەچێت بە بۆنەی لێکەوتە خراپەکانیەوە ئەمریکا واز لەو بڕیار بهێنێت بەڵام لە ئەنجامدا بە بڕیارێکی ئیدارەی ترەمپ ناوی زەریف چووە ڕیزی ئەو کەسایەتییە ئێرانییانەی بەر سزاکانی ئەمریکا کەوتوون.
شایانی باسە ئەمریکا لە سەردانەکەی ئەم دواییەی زەریف بۆ واشەنتن چالاکی و هاتوچۆی زەریفی لە واشەنتن سنووردار کردبوو و تەنیا مۆڵەتی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئێرانی بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی سزاکەی ئەمریکادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیی: ئەمریکا لەبەر ئەوە سزای خستۆتە سەر من چوونکە وتەبێژی یەکەمی ئێرانم لە هەموو جیهان.
Your Comment