په‌رله‌مانتارێکی CHP: به‌بێ چاره‌کردنی کاروباری کورد هیچ کێشه‌یێکی تورکیا چاره‌سه‌ر ناکرێت

به‌شی تورکیا- په‌رله‌مانتاری ئه‌سته‌نبۆڵی جه‌هه‌په‌ باسی له‌ مه‌سه‌له‌ی کوردی تورکیا کرد و گوتی: به‌بێ چاره‌کردنی کاروباری کورد هیچ کێشه‌یێکی تورکیا چاره‌سه‌ر ناکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، گۆرسل ته‌کین په‌رله‌مانتاری ئه‌سته‌نبۆڵی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (CHP) له‌ لێدوانێکدا باسی له‌ کاروباری کورده‌کانی تورکیا کرد و ڕایگه‌یاند: ده‌بێ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌لایه‌ن حیزبه‌ سیاسییه‌کان و وه‌ک ڕاسپارده‌یێکی تایبه‌ت بۆ حیزبه‌ سیاسییه‌کان تاوتوێ بکرێت. پارتی کۆماریخوازی گه‌ل هه‌وڵه‌کانی به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیی دانووستانه‌کان بۆ چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی کوردی تورکیا خستۆته‌ گه‌ڕ. ئه‌مڕۆکه‌ مه‌سه‌له‌ی کورد هۆکاری سه‌ره‌کیی کۆمه‌ڵێک له‌ کێشه‌کانی ئێستای وڵات و مشتومڕه‌کانه‌ له‌باره‌ی ده‌ستووری تورکیا، سیاسه‌تی ناوخۆ، زیندانی‌کرانی سیاسه‌توانان، هه‌واڵنێران و ئاکادیمیسته‌کان.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: تا ئه‌و کاته‌ی مه‌سه‌له‌ی کوردی تورکیا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ ناتوانین هیچ کێشه‌یێکی ئه‌م وڵاته‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌رکی جه‌هه‌په‌ یان حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا نییه‌. سه‌رجه‌م خه‌ڵکی تورکیا واتا 82 ملیۆن هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌؛ تورک و کورد هه‌موان ده‌بێ له‌م پڕۆسه‌یه‌دا به‌شدار بن. ئه‌م بابه‌ته‌ زیاتر له‌وه‌ی که‌ فرمێسک‌ڕژاندنی زیاتری به‌دواوه‌ بێت ده‌بێ به‌پێی بنه‌مای ئازادی و دیموکراسی چاره‌سه‌ر بکرێت. من له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ئاشنایی و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ کورده‌کان هه‌یه‌. کورد ته‌نها داواکارییێکی هه‌یه‌؛ ئه‌وان داوای ئاشتی و دۆستایه‌تی ده‌که‌ن. شتێکی ئاسایی‌تر له‌م بابه‌ته‌ له‌ئارادا نییه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ئایدینلیک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65411

Your Comment

You are replying to: .
captcha