ئێران: ئەورووپا مشوورێکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بخوات

بەشی ئێران/ کوردی- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ئەگەر بێتوو ئەرووپا هەنگاوی کرداری بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی ئێران بە پێی ڕێکەوتنی ئەتۆمی هەڵنەگرێت ئەوا ئێران قۆناغی سێهەمی کەم کردنەوەی پێبەندبوونی بەو ڕێککەوتنە بە بڕشتەوە هەڵدەگرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی دووشەمە 7ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 29ی تەمووزی 2019 سەید عەباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس کونفڕانسی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند دانیشتنی کۆمسیۆنی هاوبەشی بەرجام کە لە ڤیەنی پێتەختی وڵاتی نەمسا بەڕێوە چوو ئەنجامی باشی هەبوو و ئێستا لایەنەکان بەرچاو ڕوونترن و پێویستە ئەورووپا هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئێران هەڵبگرێت.

مووسەوی گوتیشی لایەنی ئێران بە ڕوونی توێکڵی بابەتەکانی خستە ڕوو و ئێستا هەموو لایەنەکان بەرچاوڕوونترن و دەتوانن لە سەر تەوەرە سەرەکییەکان بدوێن و کاری پێویست بکەن.

ناوبراو لەبارەی "ئینستێکس"یشەوە گوتی ئەو کەناڵە دارایییە تەنها سەرەتا و زەمینەخۆشکەری 11 بەڵێنی ئەورووپییەکانە کە دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بیکەن. بۆیە پێویست بە باس کردن ناکات.

مووسەوی ئاماژەی بە مەسەلەی کەشتییە ئێرانییەکەش کرد کە بەریتانیا لە گەرووی جەبەل تاریق دەستی بەسەردا گرتبوو و گوتیشی کارەکە نایاسایی بووە و ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشێل کردووە. لەبارەی ئازادکردنیشیەوە تا ئێستا ڕێککەوتن نەکراوە بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن.

شایانی باسە دانیشتنی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەنی پێتەختی وڵاتی نەمسا بەڕێوە چوو و بە پێی بەیاننامەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئەو دانیشتنە ئەنجامی ئیجابیی باشی بووە و هەنگاوێکی بەرەوپێش بووە بۆ کۆ کردنەوەی وەزیرانی دەرەوەی واژۆکاری بەرجام.

News Code 65368

Your Comment

You are replying to: .
captcha