شانه‌ى هه‌ڵۆى هه‌واڵگرى: گه‌وره‌ترین پیلانى تیرۆریستى له ‌دژی به‌غدا و هه‌ولێر و پارێزگاكانی‌تر پووچه‌ڵ كرایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌واڵگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد که‌ گه‌وره‌ترین پیلانى تیرۆریستییان له‌ ساڵى 2019دا شكست پێهێناوه‌ كه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دراوه‌ به‌غدا و هه‌ولێر و چه‌ندین پارێزگاى دیكه‌ی عێراق بكرێنه‌ ئامانج.

کوردپرێس:

ئه‌بوو عه‌لی ئه‌لبه‌سری سه‌رۆکی شانۆی هه‌ڵۆی هه‌واڵگریی ئه‌لسقوور و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌واڵگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌ ڕۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه‌فه‌رمی وتووه‌: له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكماندا گه‌وره‌ترین پیلانی تیرۆریستیمان بۆ سه‌ر به‌غدا، هه‌ولێر و پارێزگاکانی‌تری وڵات له‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان پووچه‌ڵ کرده‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی تیرۆریستی بووه‌ له‌مساڵدا.

ناوبراو وتیشی: شانه‌ی هه‌واڵگریی ئه‌لسقوور به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌واڵگریی ناوخۆیى له ‌پارێزگاكان توانیی چه‌ندین بنکه‌ی تیرۆریستان دیارى بكات و له‌ ڕێگه‌ى هێرشی ئاسمانى و شه‌ڕى ڕاسته‌وخۆوه‌ له‌ناویان ببات.

ئه‌لبه‌سری زیادی کرد: له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا 160 كه‌س له‌ نه‌ینه‌وا و زیاتر له‌ 40 كه‌س له‌ به‌غدا و 4 كه‌س له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستگیر كران كه‌ ئاماده‌كرابوون بۆ خۆته‌قاندنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى پشتێن و ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ له‌ به‌غدا و هه‌ولێر و به‌سڕه‌ و پارێزگا ئازادكراوه‌كان.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌واڵگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ستخۆشی له‌ هاوکاریی داموده‌زگاکانی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان کرد به‌ بۆنه‌ی هاوکاری‌کردنیان له‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستگیرکردنی تاوانباران که‌ ده‌یانویست له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا پیلانه‌ تیرۆریستییه‌که‌یان جێبه‌جێ بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65332

Your Comment

You are replying to: .
captcha