میری نوێی ئێزدیان ڕەخنە لە وتەکانی به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ دەگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- میری نوێی ئێزدیان ڕایگەیاند شنگال خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ده‌بێت كێشه‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140 له‌ ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌باره‌ی لێدوانێكی به‌سێ هۆزات، هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌، "باڵی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌"، كه‌ گوتبووی شنگال خاكی عێراقه‌ و كووردستان نییه‌، میر حازم به‌گ گوتی: شنگال به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رسامی خۆشی له‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌ نیشان دا.

میری نوێی ئێزدیان داواشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، پارێزگاری له‌ كوردانی ئێزدی بكات و كارێک بكات، كه‌ كوردانی ئێزدی به‌ خاكه‌كه‌یانه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر به‌هۆی نه‌هامه‌تییه‌كانیان چاویان له‌ جێهێشتنی كوردستان نه‌بێت.

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌، شنگال ناوچه‌یێكی ماده‌ی 140ـه‌ و ده‌بێت كێشه‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یێک درێخی بۆ شنگال و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كردووه‌.

ئه‌م قسانه‌ی میر حازم به‌گ له‌كاتێكدایه‌، به‌سێ هۆزات، هاوسه‌رۆكی كۆما جڤاكێن كوردستانێ كه‌جه‌كه‌ "باڵی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌" له‌ لێدوانێكدا بۆ یه‌كێک له‌ میدیاكانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ رایگه‌یاند، شنگال به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ خاكی عێراق و ئه‌وان سه‌ربه‌رزن كه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له‌ په‌یوه‌ندییێكی باشدان و شوێنی یه‌كینه‌كانی به‌رگری كردن له‌ شنگال "یه‌به‌شه‌" له‌ناو ئه‌و سوپایه‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نیا به‌ ئاماژه‌یێكیش باسی هه‌رێمی كوردستان بكات و دان به‌وه‌دا بنێت، كه‌ شنگال خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌ رێوڕه‌سمێكدا میر ته‌حسین به‌گ، وه‌ك میری نوێی ئێزدیان له‌ شوێنی میر ته‌حسین به‌گی باوكه‌ كۆچكردووه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرا.

دوای دەستنیشان كردنیشی وه‌ک میری ئێزدیان، میر حازم میر تەحسین بەگ، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال دەکەن.

میری نوێی ئێزدییەكان، بەڵێنی دا خزمەتکاری ئێزدییەکان بێت و گوتیشی: سوپاسی كوردستانیان دەكەم كە ھاوكارمان بوون لە چارەسەركردنی كێشەی دەستنیشانكردنی میری نوێی ئێزدییەكان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65329

Your Comment

You are replying to: .
captcha