کوردپرێس: دژه تیرۆر، بۆ یەکەمجار پەردەی لەسەر ناکۆکی نێوان مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەڵماڵی؛ لێدوان و بڕیار و رێنمایەكانی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر هەموویان بۆنی ئەوەیان لێدێ كە تانەدان بن لەكاركرد و شێوەی بەڕێوەبردنی حكوومەتی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دژە تیرۆری كوردستان كە لەلایەن مەسروور بارزانیەوە سەرپەرشتی دەكرێت، لە روونكردنەوەیێكدا دەڵێت: "پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بەفیڕۆ دراو هێشتا خەلک نەکارەبای هەیە نەئاوی هەیە، نەسیستەمی تەندروستی تەواوە، نەپەروەردە تەواوە...هتد. چوینەتە ناو حکوومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەکرێت، رێگە لەدزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت؟".
ئەگەرچی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی و ماڵی بارزانی و پارتی، بەراورد بەلایەنەكانی دیكە، هەمیشە ناكۆكییەكانیان پەردەپۆش كردووە و شاردوەتەوە، بەڵام وتاری رۆژنامەنووسێكی رووداو سەر بەنێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بەرووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر ئەم ناکۆکیانەی زەق کردوەتەوە.
رۆژنامەنووسەکەی رووداو رێبوار كەریم وەلی لەم وتارەیدا بەئاشكرا دەیەوێ بڵێ ئەو دەزگایەی مەسروور بارزانی سەرپەرشتی دەكا لە دۆزینەوەی سەرەداوەكانی تەقەکردنەکەی ریستۆرانتی هۆقەبازی هەولێردا سست بووە و راستیی رووداوەكەی شاردوەتەوە و كابینەی نوێی حكوومەتیش كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەسەرەتایێكی لاواز و پڕ لەكەموكورتیەوە دەستیێ دەكات.
ئەم وتارە کە بەئاشکرا مەسروور بارزانی و دەزگای دژە تیرۆری كوردستان و کابینەی نوێی تیادا کراوەتە ئامانج، کاردانەوەی توندی دژە تیرۆری بەرامبەر بە رێبوار کەریم-ی لێکەوتەوە.
دژە تیرۆری كوردستان كە لەلایەن مەسروور بارزانیەوە بەڕێوەدەبرێت، لەپەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەوتارێک وەڵامی رێبوار كەریم وەلی دایەوە.
لەسایەی ئەم وەڵامدانەوەیەدا ریزێک رەخنەی توند ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حكوومەتەكەی دەكات، ئەم وتارە كە بەناوی "ئەفسەرێكی دژەتیرۆری كوردستانەوە" بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت "ڕیبوار کەریم وەلی بەفیتی ئاغاکانی"و بۆ "دڵخۆشكردنی ئاغاكانی"ی ئەو بابەتانە دەنووسێت.
وتارەكە ئاماژە بەوە دەكات "رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا کابینەی نوێش پێکنەهاتبوو، لەوتارێکدا نووسیی کە حوکومەتی داهاوتو حوکومەتێکی لاواز دەبێت، چوونکە خۆی و ئاغاکانی لەهاتنە کایەی حکوومەتێکی بەهێز دەترسن. هەفتەی رابردووش نووسی بووی ئەنجومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حکوومەت، لەکاتێکدا کە لەهەموو کابینە تەنیا وەزیری ناوخۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حکوومەت".
هەروەها بەئاشكرا و بەبێ ناوهێنان هێرش دەكاتە سەر نێچیرڤان بارزانی و كابینەكەی و دەڵێت: "ترسی ئەوان لە حكوومەتی نوێ هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە جددیەتی ئەنجومەنی ئاسایش چووەتە ناو حکوومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێک بۆ ئەو هەموو دزی و گەندەڵییە دابنێن کە هەموو خەڵکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن. بۆ ئەوە چوونە ناو حکوومەت چوونکە پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بە فیڕۆ دراو هێشتا خەلک نەکارەبای هەیە نەئاوی هەیە، نەسیستەمی تەندروستی تەواوە، نەپەروەردە تەواوە...هتد. بۆ ئەوە چوونەتە ناو حکوومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەکرێت، هەر رێگە لە دزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت، ئەوەی لە کوردستاندا شانازیی پێوە کراوە تەنیا رەوشی ئەمنی بووە، گەرنا چی بەسەر چییەوە بووە؟".
دەشڵێت "رێبوار و ئاغاکانی دلخۆش بوون بەرووداوەكەی هۆقەباز، رێبوار لە دوا نووسینیدا هێرشی کردۆتە سەر دەزگا ئەمنییەکان و دەڵێ گوایە شتێک پەردەپۆش دەکەن و ئەوجا خەمی قوربانی بوونی ئاغاکانیەتی لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە، رێبوارێک کە خۆی و هاوڕێکانی خۆیان بەپرۆفیشنال دەزانن، چۆن تەنیا دوای رۆژێک لە دەستگیرکرانی کەسی سەرەکی و بەردەوامیی لێکۆلینەوە داوای ئاشکراکردنی گشت ڤیدیۆکان دەکەن؟ "رێبوار پێیخۆش بوو درۆ و دەلەسەکانی لڤین و میللەت ڕاست دەربچن نەک دەستی ئاغاکانی ئاشکرا ببن. ئەم زاتە ریسوایە ناتوانێت بەرگری لەئاغا ریسواکانی بکات".
ئەمە یەكەمجارە پەیجێكی فەرمی سەر بەپارتی و سەر بەدەزگایێكی ئەمنی گرنگی پارتی بەو راشكاویی و روونییە رەخنەی توند ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی بكات و حکوومەتەکەی، بەحكوومەتێكی "گەندەڵ و شكستخواردوو" ناو ببات. یەكەمجارە لەمیدیای سەر بەپارتییەوە بەو ئەندازەیە ناكۆكی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی زەق بكرێتەوە. هەربۆیە پەیجی فەرمی دژەتیرۆر وتارە توندەكەی سڕیەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment