کوردپرێس:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 27ی ته‌مووزی 2019 رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی حازم میر ته‌حسین به‌گ له په‌رستگای لالش به‌ڕێوه چوو و بووه میری نوێی کوردانی ئێزدی و هه‌ریه‌که له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم پیرۆزباییان له میری نوێی ئێزدییه‌کان کرد.
نێچیرڤان بارزانی له په‌یامێکدا بۆ میری نوێی ئێزدییه‌کان ڕایگه‌یاند: "ده‌بێت هه‌موو پێکه‌وه کار بکه‌ین تاوه‌کوو بارگرانی سه‌ر شانی ئێزدییه‌کان که‌م بکه‌ینه‌وه".
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان داوای پێکه‌وه کارکردنی زیاتر له‌گه‌ڵ میری ئێزدییه‌کان بۆ گه‌ڕانه‌وه ئاواره‌کان و دۆزینه‌وه رفێنراوه ئێزدییه‌کان ده‌کات.
هاوکات مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له په‌یوه‌ندییێكی ته‌له‌فۆنیدا پیرۆزبایی له میری نوێی ئێزدییان کرد و گوتی: "خوشک و برایانی ئێزدی پێکهاته‌یێکی ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لی کوردستانن و حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان وه‌ک ھه‌میشه پاڵپشت و یارمه‌تیده‌ریان ده‌بێت و وه‌ک هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات خزمه‌تێکی شایسته‌تری خوشک و برا ئێزدییه‌کان بکات و له ئێش و ئازاره‌کانیان که‌م بکاته‌وه".
شایانی باسه؛ ئه‌مڕۆ له په‌رستگای لالش له قه‌زای شێخان ڕێوره‌سمی دیاری کردنی میری نوێی ئێزدییه‌كان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رۆحانی ئێزدییه‌كان به‌ڕێوه چوو و تیایدا حازم میر ته‌حسین به‌گ سوێندی ئایینی خوارد و له وتارێكدا دوای سوێندخواردنی رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیرانی ئێزدیی توانیمان بگه‌ینه ئه‌و ڕۆژه، له ئه‌مڕۆوه وه‌ک میر له خزمه‌تی ئێزدییه‌كاندا ده‌بم و ئه‌نجومه‌نێک داده‌مه‌زرێنین و زیاتر له 60% شنگالییه‌كان ده‌بن".
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment