کوردپرێس:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 27ی ته‌مووزی 2019 جاسم عه‌تیه بریكاری وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عیراق له به‌یاننامه‌یێكدا دووپاتی کرده‌وه که ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لایه‌ن شیروان دۆبردانی په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته بڵاو كراوه‌ته‌وه گوایه ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ ڕێوشوێنه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ى كه‌سوكارى چه‌كدارانى داعش له خێوه‌تگه‌ى هۆل له ڕۆژهه‌ڵاتی پارێزگای کوردنشینی حه‌سه‌که‌ی سووریاوه بۆ 4 خێوه‌تگه له پارێزگاى نه‌ینه‌وا ده‌ست پێكردووه دووره له ڕاستییه‌وه.
ناوبراو له به‌یاننامه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هیچ ڕێنماییێكیان له‌لایه‌ن هیچ ده‌زگایێكى حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه پێنه‌گه‌یشتووه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش گواستنه‌وه‌ى خێزانه ئاواره‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ى لێده‌كرێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ى خێزانى چه‌كدارانى داعش له هاووڵاتییان.
ئه‌و بریكاره‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق سه‌رسوڕمانى خۆیشى له هه‌واڵێكى له‌و جۆره ڕاگه‌یاند كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه و تهئیكدیش ده‌كاته‌وه به هیچ شێوه‌یێک ڕاست نییه و وه‌زاره‌ته‌كه‌ى چه‌ندین ساڵه هه‌وڵه‌كانى چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ هاوكاری كردنى ئاواره‌كان و ئه‌وانه‌ى ناوچه‌كانى خۆیان له ترسى ڕێكخراوى داعش جێهێشتووه.
ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ڕۆژی هه‌ینی 26ی ته‌مووزی 2019 شیروان دۆبردانی نوێنه‌ری کوردی په‌رله‌مانی عێراق باسی له بڕیاری ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ کردبوو بۆ گواستنه‌وه‌ی خێزانی چه‌کدارانی داعش له که‌مپی هۆلی سووریا بۆ که‌مپی جه‌دعه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا و دژایه‌تیی خۆیشی له‌گه‌ڵ بڕیارێکی وا پیشان دابوو و ڕایگه‌یاندبوو که ئه‌ندامانی خێزانی داعش وه‌ک بۆمبن و مه‌ترسییه‌که‌یان به‌رۆکی سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌گرێته‌وه.
سه‌رچاوه: سۆمه‌ریه نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment