کوردپرێس:
ڕووداوی ته‌قه‌کردنی ڕۆژی چوارشه‌ممه 17ی ته‌مووزی 2019 به‌رانبه‌ر به 26ی پووشپه‌ڕ له ڕێستوورانتی حه‌قه‌بازی هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چۆن کرا و به چ ئامانجێک کرا و له به‌رژه‌وه‌ندیی کێ یان کام لایه‌ندا بوو درزێکی خسته نێو یه‌کڕیزی و یه‌کبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانییه‌کان.
جووته‌ئامۆزاکه و به‌ش‌کردنی ده‌سه‌ڵات
پاش نزیکه‌ی چوار ده‌یه که له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی له پارتی دیموکراتی کوردستان تێده‌په‌ڕێت و دوایین قۆناغی دژواریش قۆناغی پاش ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان بوو ده‌نگۆ و هه‌واڵی جۆربه‌جۆر بڵاو بوونه‌ته‌وه که باس له داڕشتنی ستراتێژییه‌تێکی حیزبی بۆ قۆناغی داهاتوو ده‌که‌ن. له‌م نێوانه‌دا زه‌مینه‌خۆشکردن بۆ گواستنه‌وه‌ی ئارام و بێ‌کێشه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ جیلی نوێی بارزانییه‌کان یه‌ک له‌و ستراتێژییه‌تانه بوو. نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی دوو ئامۆزای خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن. نه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌کان ده‌موچاوی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته بوون.
نێچیرڤان ئێدریس بارزانی که برازا و زاوای مه‌سعوود بارزانییه نزیکه‌ی بیست ساڵ ئه‌دای سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بینیوه و 17 ساڵی ته‌واو سه‌رۆک وه‌زیران بووه که باڵاترین پۆستی جێبه‌جێکاریی هه‌رێمی کوردستانه. له ئه‌نجامیشدا ساڵی 2019 پاڵی دا به کورسیی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانه‌وه واتا ئه‌و کورسییه‌ی پێش دوو ساڵ مامی خۆی له قۆناغێکدا که زیاتر له ناچاری ده‌چوو چۆڵی کرد.
مه‌سروور بارزانی کوڕی مه‌سعوود بارزانی ده‌موچاوێکی دیکه‌ی به‌رجه‌سته بوو له خاندانی بارزانییه‌کان که بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ستی خرابوویه سه‌ر. ناوبراو ئه‌دای ئه‌منیی به‌خۆیه‌وه بینیوه و هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنی بۆ ناو ده‌سه‌ڵات پۆستی ئه‌منیی وه‌رگرتووه و زیاتر له که‌سایه‌تییێکی ئه‌منی ده‌چێت نه‌ک ده‌موچاوێکی بروکرات و سیاسی.
به‌هۆی پێکهاته و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان که سه‌ره‌کیترینیشیان هه‌ژموونیی عه‌شیره‌ی بارزانییه‌کان و په‌یوه‌ندیی به‌هێزی بنه‌ماڵه‌ییانه‌یه ئه‌و حیزبه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا زیاتر له 70 ساڵه که‌مترین زیانی له ڕاجیاوازی و ململانێی نێوخۆ به‌ر که‌وتووه. ئه‌زموونی جیابوونه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌واڵه‌کانی تاکه ئه‌زموونی ململانێی نێو پارتی بوو که ساڵی 1975 پاش واژۆکرانی په‌یمانی ئه‌لجه‌زایر له نێوان عێراق و ئێران ڕووی دا.
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تیی ڕه‌های مه‌سعوود بارزانی له پارتی هاوکات که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش بوو ئه‌گه‌رچی ده‌نگۆی ململانێی ژێربه‌ژێری قیاده گه‌نجه‌کان بڵاو بووبوویه‌وه به‌ڵام نه‌ک هه‌ر له ناوخۆی حیزب به‌ڵکوو ژماره‌یێک له چاودێرانی سیاسیی بێلایه‌ن و ڕه‌خنه‌گری پارتیش ڕه‌تیان کردۆته‌وه که له نێوا پارتیدا دوو باڵ به ناوی باڵی نێچیرڤان و باڵی مه‌سروور هه‌بێت بۆیه‌ش جه‌ختیان ده‌کرده‌وه تا ئه‌و کاته‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی له دنیاوه مابێت ڕێگه نادات ململانێی نێوخۆ به‌رجه‌سته بکرێت و کارتێکه‌ریی خراپ له‌سه‌ر حیزبه‌که‌ی بکات به‌ڵام پارتی پاش مه‌سعوود بارزانی تووشی ئینشیقاق و لێکترازان ده‌بێت و ڕاجیاوازی و ململانێی ئامۆزاکان ده‌که‌وێته سارا.
ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ی ململانێیه‌که‌ی ئاشکرا کرد
پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان که 30ی ئه‌یلوولی 2018 به‌ڕێوه چوو و پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌کان پارتی سه‌رکه‌وتنی باشی تۆمار کرد له نێوخۆی حیزبه‌که ڕاگوێزینه‌وه و مشوور ده‌ستی پێ‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتێکی زیاتره‌وه بچنه حوکمڕانیی هه‌رێمی کوردستان بۆیه جێبه‌جێ کردنی چه‌ند پڕۆژه‌یێکی تایبه‌ت بۆ بووژاندنه‌وه‌ی هه‌ژموونیی پارتی ده‌ستی پێ‌کرد. گرینگ‌ترین ته‌وه‌ریش شێوه‌ی چنینی مۆره‌کان بوو له سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تی نوێ. دانانی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم بۆ نێچیرڤان بارزانی و ڕاسپاردنی مه‌سروور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێم ئه‌و هه‌واڵه بوو که که‌س چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌کرد بیبیسێت ته‌نانه‌ت سه‌رکرده و کادیره باڵاکانی پارتیش به‌ڵام وادیاره بارزانی باڵێک له ستراتێژیه‌ته‌که‌ی خۆیدا بۆ ئاینده‌ی حیزبه‌که‌ی پاراستنی هاوسه‌نگی و باڵانسی نێوان دوو ئامۆزاکه‌ی خستۆته یه‌که‌مایه‌تیی کاره‌کانیه‌وه. سه‌ره‌تا دوو میدیای به‌رجه‌سته (ته‌له‌فزیۆنی ڕووداوی سه‌ر به نێچیرڤان بارزانی و ته‌له‌فزیۆنی کوردستان 24ی سه‌ر به مه‌سروور بارزانی) هه‌ریه‌که و ده‌ور و پێگه‌ی تایبه‌تی ئه‌و دوو سه‌رۆکه گه‌نجه‌یان له ساحه‌ی سیاسی و حوکمڕانیی هه‌رێمی کوردستان به‌رجه‌سته ده‌کرده‌وه و هیچ ته‌نگه‌ژه و ململانێیێک له نێواندا نه‌ده‌بینرا و ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی سه‌ر به هه‌ر دوو لا بابه‌تیان ده‌نووسی هه‌رگیز هێڵه سووره‌کانیان نه‌ده‌به‌زاند و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کڕیزیی حیزب بابه‌تیان نه‌ده‌نووسی. له‌و نێوانه‌دا ڕێبوار که‌ریم وه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ڕووداو که ئێستا سووچ‌نووسی تایبه‌تی ماڵپه‌ڕی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌یه یادداشتێکی به ناوی "ئه‌وجا پارتی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست" بڵاو کردۆته‌وه و له‌و یادداشته‌یدا په‌رده‌ی له‌سه‌ر ململانێی جیدیی نێوخۆ له ناو پارتی هه‌ڵگرتووه.
ڕێبوار که‌ریم وه‌لی ڕۆژنامه‌نووسێکی دیار و به‌ئه‌زموونی کوردی عێراقییه و له دامه‌زراندن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی میدیاکانی سه‌ر به پارتی ده‌وری تایبه‌تی بینیوه و که‌سایه‌تییێکی نزیک له نێچیرڤان بارزانییه. ناوبراو جگه له مه‌سعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی که‌سی دیکه‌ی له که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی کوردستانی عێراق له ڕه‌خنه و تانه نه‌بواردووه و گوایه له‌م قۆناغه‌ی ئێستا مه‌سروور بارزانی و باڵی مه‌سروور له پارتی و حکوومه‌ته‌که‌ی ناوبراو که‌وتوونه‌ته لیستی ڕه‌شی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه.
وته‌یێک له نه‌وشیروان مسته‌فا و ئاماژه‌کردن به کووده‌تای سپی له نێو پارتی
ڕێبوار که‌ریم وه‌لی یادداشته‌که‌ی ئاوا ده‌ست پێده‌کات: "زۆر جار كه له‌گه‌ڵ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فادا داده‌نیشتین، پرسیاری وه‌زعی ده‌كرد (به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه به فیتی یه‌كێتی گرژییێكی زۆر له نێوان پارتی و گۆڕاندا هه‌بوو) و له‌سه‌ر هه‌ندێک شت ده‌یویست بزانێ هه‌ڵوێستی پارتی چییه؟ ئێمه‌ش كه‌م تا زۆر ئه‌وه‌مان بۆ نه‌قڵ ده‌كرد كه له ده‌وروبه‌ری سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانییه‌وه ده‌مانبیست و زۆربه‌یان ئیجابی بوون. ئه‌و ده‌یگوت: "ئه‌وه‌یان ده‌زانم، پارتی ده‌ڵێ چی؟."
ڕێبوار که‌ریم له درێژه‌دا ده‌شڵێت: به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێڵه گشتییه‌كانی سیاسه‌تی ئه‌و حكوومه‌ته كه ڕۆژی 10ی مانگ له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیران مه‌سروور بارزانییه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا، ئه‌گه‌رچی به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی هه‌موو حزبه به‌شداربووه‌كانه تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌ڵام ڕوانگه‌ی پارتی به سه‌ریدا زاڵه. ڕوانگه‌ی پارتیش بۆ حوكمڕانی ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه، بگره ڕوانگه‌یێكی ستراتێژییه بۆ ئیداره‌دانی پارتیش له داهاتوودا كه ئێره ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخان. ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕوانگه‌یه به‌و ستاف و به‌رنامه‌یه‌وه سه‌ر بگرێ، ئه‌وه بۆ ئایینده‌ی پارتیشه كه ساڵانێكه كاری بۆ ده‌كرێت.
كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌ت وه‌كوو میلادێک وێنا ده‌كرێت كه هیچ ڕه‌بتێكی به ڕابردووی حوكمڕانیی پارتییه‌وه نییه. ڕێک وه‌ک ئه‌وه وایه كه تازه پارتی حوكمی گرتبێته ده‌ست. وه‌ک ئه‌وه وایه كه پارتی قه‌ت له كۆی 8 كابینه، سه‌رۆكایه‌تیی 5 كابینه‌ی نه‌كردبێت و 12 ساڵیش مه‌سعوود بارزانی له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا نه‌بووبێت، وه‌ک ئه‌وه وایه كه قه‌ت لیژنه‌ی جیاجیا بۆ قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی و پاكسازی پێكنه‌هێنرابێت و گه‌نده‌ڵیش نه‌كرابێته فه‌رهه‌نگ، چوونكه فه‌رهه‌نگسازی له سه‌ره‌وه‌ڕا ده‌كرێت!
ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ی نزیک له نێچیرڤان بارزانی له یادداشته‌که‌یدا به شاراوه مه‌سه‌له‌ی ململانێی ده‌سه‌ڵات بۆ وه‌رگرتنی باڵاترین پۆستی ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستانیش له نێوان نێچیرڤان و مه‌سروور ده‌خاته‌ڕوو که ئێستا هه‌ردووکیان باڵاترین پۆسته‌کانی جێبه‌جێکارییان له هه‌رێم به‌ده‌سته‌وه گرتووه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه (2005) درا به پارتی و مه‌سروور بارزانییش بوو به سه‌رۆکی ده‌زگای ئاسایش. ئه‌و ڕێکخراوه‌یه ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر چاودێری و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستاندا بوو و له پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ‌دا هه‌موو هه‌وڵی پارتی بۆ پاراستنی هاوسه‌نگیی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی له نێوان سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تیی وه‌زیران بوو بۆیه تا ئێستاش پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی نوێی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش یه‌کلا نه‌کراوه‌ته‌وه. له یادداشته‌که‌ی ڕێبوار که‌ریمدا له‌باره‌ی ئه‌و ته‌وه‌ره‌وه نووسراوه: به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجومه‌نی ئاسایش گوازراوه‌ته‌وه بۆ حکوومه‌ت و به مه‌به‌ستی پاراستنی هاوسه‌نگیی هه‌رێمی به‌رپرسانی کابینه‌که پێشووه‌کان له کار لادراون ئه‌وه‌ش له کاتێکدا له کابینه‌ی نوێ‌دا دوو وه‌زیر هه‌ن که ته‌نانه‌ت خوێندنی ناوه‌ندیشیان ته‌واو نه‌کردووه.
ناوبراو له کۆتاییی یادداشته‌که‌یدا ئاشکرای ده‌کات: ئه‌وه‌ی ئێستا له نێو پارتی ده‌بینرێت "کووده‌تایێکی سپی"یه نه‌ک کاراکتری ده‌سه‌ڵات.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه زمان‌سووره له یادداشته‌که‌یدا به ئاشکرا و شه‌فاف ڕکابه‌ریی نێوخۆی پارتی ئاشکرا ده‌کات و ناڕاسته‌وخۆش ئاماژه به ده‌سه‌ڵات‌گرتنی لایه‌نی به‌رانبه‌ری نێچیرڤان بارزانی ده‌کات و ناوی ده‌نێت کووده‌تای سپی.
ڕووداوی ته‌قه‌کردن له ڕێستوورانته‌که‌ی حه‌قه‌باز و درزی نێوان پارتی
ڕووداوه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕێستوورانتی حه‌قه‌بازی هه‌ولێر که ته‌قه له چه‌ند کارمه‌ندێکی کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا کرابوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چۆن کرا و چ ئامانجێکی له پشته‌وه بوو یان به‌رژه‌وه‌ندیی کێ تێدا بوو درزێکی خسته نێو پێکهاته‌ی یه‌کڕیزی و یه‌کبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌کان که قیاده‌ی ڕه‌های پارتی له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دایه.
"ئاگر له ئه‌سته‌نبۆڵ و دووکه‌ڵه‌که‌ی له هه‌ولێر" دوایین به‌رهه‌می نووسراوی ڕێبوار که‌ریم وه‌لی بوو که ئه‌مجاره‌یان ڕه‌خنه‌ی توندی له ڕێکخراوه ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر که‌یسی هێرش‌کرانه سه‌ر دیپلۆماته تورکه‌کان گرتبوو. ناوبراو گومانی جیدیی دۆسیه‌که و به‌لاڕێدابردنی ڕاستییه‌کان و هه‌روه‌ها بێده‌نگ‌بوونی ڕێکخراوه ئه‌منییه‌کان و ئه‌دای لاوازی ڕێکخراوه‌کان به کۆمه‌ڵێک هۆکار ده‌زانێت که ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کان بۆ په‌رده‌پۆش‌کردنی "ڕاستییه"کان ده‌درێن و ده‌شڵێت پارتی و تورکیا به‌نیازن ڕووداوه ته‌قه‌کردنه‌که له هه‌ولێر به ڕووداوێکی تیرۆریستی پیشان بده‌ن.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات تورکیا به‌و تۆڕه زه‌به‌لاحه میدیاییه‌ی خۆی به قه‌ده‌ر میدیا کوردییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ڕووداوه‌که‌ی هه‌ولێریان ڕووماڵ نه‌کرد بۆیه به ئامانج‌گرتنی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) و پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) باشترین ناونیشان بوو که پارتیش و تورکیاش بۆی ده‌گه‌ڕان. ڕێبوار که‌ریم جه‌ختیش ده‌کاته‌وه په‌که‌که ماوه‌ی سێ ده‌یه‌یه له خاکی هه‌رێمی کوردستاندا کرده‌وه‌ی وای نه‌کردووه و تۆمه‌تبار کردنی په‌که‌که له‌وباره‌یه‌وه به قازانجی تورکیا ده‌بێت تا حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌که‌په که ئێستاکه‌ش ته‌زووی دۆڕانه‌که‌ی ئه‌سته‌نبۆڵی له جه‌سته ده‌رنه‌کردووه چ له ناوخۆشه‌وه چ له ده‌ره‌وه‌ش له دۆخێکی خراپدایه. له‌و نێوانه‌دا به‌رپرسیارێتیی دۆخه‌که زیاتر که‌وتۆته ئه‌ستۆی ئه‌و هاووڵاتییه کوردانه‌ی ئه‌م جاره‌یان ڕه‌قی خۆیان له ئه‌ردۆغان پیشان دا.
ڕێبوار که‌ریم له کۆتاییی یادداشته‌که‌یدا ده‌شڵێت: پارتی و میدیاکانی سه‌ر به‌و حیزبه به‌رپرسیارن له ناڕوونی و گومانی سه‌ر دۆسیه‌ی ته‌قه‌کردنه‌که‌ی هه‌ولێر. زۆرینه‌ی میدیاکان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هۆکاری ئه‌و ڕووداوه به له‌رزۆک‌بوونی دۆخی ئه‌منی پیشان بده‌ن و وای بنوێنن سه‌رۆک وه‌زیران و حکوومه‌تی نوێ لاوازه بۆیه‌ش ئه‌و جه‌ماعه‌ته به‌نیازن وه‌کوو ململانێی نێوخۆ بابه‌ته‌که پیشان بده‌ن ئه‌وه‌ش ئه‌ساسی نییه به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی پارتی بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانبار زۆر ناشیانه بوو و له ئه‌نجامدا هه‌موان باجی په‌رده‌پۆش‌کردنی ڕاستییه‌کان ده‌ده‌ن.
ڕێکخراوه ئه‌منییه‌کانی سه‌ر به پارتی به‌یاننامه‌یێک بۆ خراپ پیشاندانی ئه‌دا و سیمای نێچیرڤان بارزانی ده‌رده‌که‌ن
ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌رانبه‌ر به یادداشته‌که‌ی ڕێبوار که‌ریم وه‌لی وه‌رگیرا بوو به بیانوویێک بۆ پیشاندانی لووتکه‌ی ململانێی نێو پارتی و خراپ کردنی ئه‌دا و پێشینه‌ی کاری نێچیرڤان بارزانی له پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی وه‌زیران که زیاتر له 15 ساڵی خایاند.
هێزی دژه‌تیرۆر وه‌کوو به‌شێک له باڵاترین ڕێکخراوی ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستان که به یه‌ک له کوڕه‌کانی مه‌سعوود بارزانی ئیداره ده‌کرێت له په‌یجی 5 ملیۆن که‌سیی ڕێکخراوه‌که‌دا له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووک یادداشته‌که‌ی ڕێبوار که‌ریم وه‌لیی وه‌ڵام دایه‌وه ئه‌وه‌ش له زاری ئه‌فسه‌رێکی ڕێکخراوه‌که‌وه که ناوه‌که‌ی نه‌درکێندرابوو. له وه‌ڵامه‌که‌ی دژ به تیرۆردا ڕێبوار که‌ریم وه‌لی ڕۆژنامه‌نووسی سه‌ر به نێچیرڤان بارزانی ئاوا ناسێندراوه: به فه‌رمانی "ئاغاکانی" و بۆ ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌وان له تریبوونی "ڕووداو"ه‌وه ڕاستییه‌کان به‌لاڕێدا ده‌بات و فریوی ڕای گشتی ده‌دات.
له درێژه‌ی بابه‌ته‌که‌دا نووسراوه چه‌ند مانگ پێش ئه‌وه‌ی کابینه‌ی نوێ پێکبهێنرێت ڕێبوار که‌ریم له یادداشتێکدا حکوومه‌تی داهاتووی به حکوومه‌تێکی لاواز زانیبوو. هۆکاره‌که‌ی ئه‌و لێدوانه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌و نووسه‌ره و ئاغاکانی ترسیان له‌وه‌یه حکوومه‌تێکی به‌هێز بێته سه‌ر ده‌ور. له یادداشتێکی دیکه‌شدا که هه‌فته‌ی ڕابردوو بڵاو کرایه‌وه باسی گواستنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ نێو حکوومه‌تی نوێ کردبوو و له هه‌مان کاتدا له کابینه‌ی نوێ‌دا ته‌نها وه‌زیری ناوخۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه و بێگومان ئه‌و ئاماژه‌یه‌ش ده‌لاله‌ته له‌سه‌ر ترسانی ئه‌وان چوونکه ئه‌نجومه‌نی ئاسایش گوازراوه‌ته‌وه نێو حکوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی لانیکه‌م سنوورێک بۆ دزی و گه‌نده‌ڵیی ئابووری دابنرێت که هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانی تووشی ئێحراجی کردووه. هۆکاری گواستنه‌وه‌که‌ش ئه‌وه بوو له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا به ملیاران دۆلار خۆراوه و هێشتا هاووڵاتییانیش بێبه‌شن له ئاو و کاره‌با و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی. گواستنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌و مه‌به‌سته ئه‌نجام دراوه که لانیکه‌م به‌ر به دزی و گه‌نده‌ڵی بگیردرێت.
له وه‌ڵامه‌که‌ی دژه‌تیرۆدا ستایشی دۆخی ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستان کراوه و نووسراوه ڕێبوار که‌ریم و ئاغاکانی پێ خۆشحاڵ بوون که ڕووداوه‌که‌ی ڕێستوورانتی حه‌قه‌باز ڕووی دا و ئه‌وه‌ش گوتراوه "ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسه نیگه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندیی ئاغاکانیه‌تی" و ده‌رکی به‌و ڕاستییه کردووه که ڕێکخراوی ئه‌منی له که‌مترین کاتدا توانیی ئاشکرای بکات ئاغاکانی ناوبراو ده‌ستیان له ڕووداوه‌که‌دا بووه. هاوکاره‌کانیشی له ڕێگای ئه‌و که‌ناڵه‌وه که بۆته تریبوونیان ڕایان‌گه‌یاند ئاگاداری هه‌موو سیناریۆکان بوون و گرته ڤیدیۆکانیان بینیوه ئێستا چۆنه به دوای ڤیدیۆکاندا ده‌پرسن و باسی په‌رده‌پۆش‌کردنی ڕاستییه‌کان ده‌که‌ن بۆیه ئه‌م که‌سایه‌تییه ڕیسواکراوه ناتوانێت به‌رگری له ئاغه‌کانی بکات.
نووسراوه‌که‌ی دژه‌تیرۆر له که‌مترین کاتدا له په‌یجی تایبه‌تی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه پاک کرایه‌وه به‌ڵام یادداشته‌که‌ی ڕێبوار که‌ریمی سه‌ر به نێچیرڤان بارزانی و وه‌ڵامه‌ی دژه‌تیرۆری سه‌ر به مه‌سروور بارزانی ئاشکرای کرد ململانێ و ناکۆکیی جیدیی نێوخۆ له نێوان پارتی و هه‌ر دوو باڵی ڕکابه‌ردا حاشاهه‌ڵنه‌گره.
په‌که‌که ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له ڕووداوه‌که‌ی هه‌ولێر و کوژرانی هاووڵاتیی تورکیا –دیبلۆماتکار بووبێت یان هێزی ئه‌منی- ده‌ربڕیوه ته‌نانه‌ت پیرۆزباییی له بکه‌رانی ته‌قه‌که‌ش کردووه (ئاماژه بۆ گفتوگۆکه‌ی باهۆز ئه‌رداڵ ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌که‌که) به‌ڵام به هیچ له‌ونێک به‌رپرسیارێتیی ڕووداوه‌که‌ی نه‌گرتۆته ئه‌ستۆ و تا ئێستاش هیچ به‌ڵگه و دیکیۆمێنتێکی بڕواپێکراو بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه که په‌که‌که بکه‌ری ئه‌و ڕووداوه بووبێت هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کردووه گوشاره‌کان له‌سه‌ر په‌که‌که که‌متر بێت.
له به‌رانبه‌ردا تورکیا بیانوویێکی باشی ده‌ست که‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی بوونی له خاکی هه‌رێمی کوردستان فراوانتر بکات و په‌ره به ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی له نێو خاکی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردی سووریاش بدات و بیانووی باشی ده‌ست که‌وتووه بۆ پارێزگاری کردن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا برینی ته‌قه‌کردنه‌که‌ی هه‌ولێر به دڵی یه‌کڕیزی و یه‌کبوونی بارزانییه‌کانه‌وه نووساوه و دووکه‌ڵه‌که‌شی چۆته چاوی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ڕاپۆرت: حه‌سه‌ن ساڵحی
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment