کوردپرێس:
ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له‌باره‌ی دانووستانی نوێی تورکیا و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له به‌هێزبوونه‌وه‌ی کوردی سووریا له سنووره‌کانی باشووری تورکیا ڕای‌گه‌یاند: پێشنیارێکی جیدیی جه‌یمز جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا که سه‌ردانی تورکیای کردووه چاودێری‌کردنی هاوبه‌شی دوو وڵاته له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌ی باکووری سووریا. له ئێستادا ئه‌م ناوچانه له‌ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریادایه.
مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی سووریای دیموکرات به سه‌رکردایه‌تیی کورد به واشنتۆن پۆستی وتووه: هیچ که‌س خوازیاری شه‌ڕ نییه. کورد داوا ده‌کات ئه‌م پڕۆژه له‌گه‌ڵ تورکیا لێکبداته‌وه یان به‌شداری له پڕۆسه‌که بکات.
ناوبراو به‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی ڕاگه‌یاندووه: به‌رنامه‌ی نوێی جه‌یمز جێفری قبووڵ ده‌که‌ین به‌ڵام یه‌ک مه‌رجی هه‌یه؛ "تورکیا هیچ جۆره بنکه‌یێکی سه‌ربازی له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئێمه دانه‌مه‌زرێنێت."
مه‌زڵووم عه‌بده کۆبانێ هۆشداریش ده‌دات که ئه‌گه‌ر تورکیا مکووڕ بێت له‌سه‌ر شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ کوردی سووریا ئه‌وا شه‌ڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌ست پیده‌کات و ته‌نها له‌و ناوچانه‌ی که تورکیای تێدایه نابێت به‌ڵکوو له ڕووبه‌رێکی 600 کیلۆمه‌تریدا شه‌ڕی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیا ڕوو ده‌دات.
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی سووریای دیموکرات ته‌ئکیدی کرده‌وه که هێزه‌کانیان ناچنه ناو خاکی تورکیا به‌ڵام میلیۆنان کورد له ناو تورکیا ته‌ڤلی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره ده‌بن.
ناوبراو هۆشداریشی دا که ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکات هێزه‌کانیان ناتوانن 12 هه‌زار شه‌ڕڤانی داعش له زیندانه‌کانی باکووری سووریا بپارێزن و ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یێکی دیکه بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێت.
مه‌زڵووم کۆبانێ کشانه‌وه‌ی گریمانه‌کراوی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا به خه‌یانه‌ت نازانێت به‌ڵام ده‌ڵێت که باشتره بۆ پاراستنی سه‌قامگیری هێشتا له باکووری سووریا بمێننه‌وه و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که کورد ڕێز بۆ بڕیاری ئه‌مریکا داده‌نێت له‌باره‌ی کشانه‌وه یان نه‌کشانه‌وه‌ی له سووریا.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment