کوردپرێس: رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە دوای ڕووخانی خەلافەتەکەیان و کۆنتڕۆڵ کردنەوەی دوا پێگەیان لە سووریا، ڕوویان لە عێراق کردووەتەوە، بە شێوەی شانەی نوستووی بچووک لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق خۆیان حەشار داوە.
هیشام هاشمی شارەزای بواری ئەمنی، کە ڕاوێژکاری حکوومەتی عێراقە، بە رۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا نزیکەی هەزار چەکداری داعش، کە بە ڕەچەڵەک عێراقین، لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هیشام بڵاویکردووەتەوە، ئەو چەکدارانەی داعش لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان بڵاو بوونەتەوە و بەهۆی هەبوونی زانیاری دەربارەی ناوچەکان، توانیوویانە لە تونێل و حەشارگەکاندا بمێننەوە.
عەقیدێکی سوپای عێراقیش بە ناوی سەعد محەمەد بە رۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە چەکدارانی داعش لە بیابان و ئەشکەوتەکان و ئەو ناوچانە خۆیان حەشارداوە، هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکات.
چەکدارەکانی داعش شەوان جموجوڵەکانیان دەستپێدەکەن و بە چەکی جۆری قەناس هێرش دەکەن، هەندێکجاریش ئەو ڕاوچییانەی کە لە شانە نوستووەکانی داعش نزیک دەبنەوە دەکرێنە ئامانج.
واشنتۆن پۆست تەقینەوەیێکی سەرەتای ئەم مانگەی پارێزگای کەرکووکی وەک نموونە باس کردووە، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران، هێرشێکی دیکەش لە پارێزگای دیالە روویدا کە بەهۆیەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج، کە بەشدارن لە ئۆپراسیۆنی دژبە شانە نوستووەکانی داعش.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی عێراق و شارەزا ئەمنییەکان، چەکدارانی داعش زیاتر لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانن و چاوەڕوان ناکرێت جارێکی دیکە ناوچەیێکی فراوان بخەنەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، بەڵام شارەزایان دەڵێن، شانە نووستووەکانی داعش دەتوانن هاوڵاتییان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکەن و وایان لێبکەن بێدەنگی هەڵبژێرن لە بەرامبەر جموجۆڵەکانیان لە ناوچەکاندا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانى عێراق بە پاڵپشتیى هێزى ئاسمانیى عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى و هێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپراسیۆنێکى فراوانیان لە سنوورى دەشتاییەکانى پارێزگاکانى نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین بە ئاڕاستەى ناوچە سنوورییەکانى خۆرئاواى عێراق دەستپێکردووە بۆ لەناوبردنی شانە نووستووەکانى چەکدارانى داعش.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبیش، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دەشتاییەکانی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا هێزەکانی حەشدی شەعبی تونێلێکی داعشیان دۆزیوەتەوە، کە وەک حەشارگە و کۆگایێکی هەڵگرتنی تەقەمەنی بەکارهێنرا.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش ڕایگەیاندووە هێزە ئەمنییەکان گەڕان و پشکنینیان لە ٥٠ گوندی باشووری بەغدا بۆ پاشماوەکانی داعش دەستپێکردووە و دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیی ئەو چەکدارانەشدا گرتووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment