کوردپرێس:
رۆژی دووشەممە 22-7-2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ''بە توندی رووداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە رێستورانتێکی هەولێر سەرکۆنە کرا و دەستخۆشیان لە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیربکەن". هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران هاوخەمیشی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەربڕی.
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاووڵاتیان بگێری و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت. پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەکان رێنمایی تایبەت دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی عێراق روونکردبووەوه. کە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردوولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکوومەت کرا وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە. ئاماژە بەوە درا ''ماڵپەڕی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە و زانیاری پێویست پێشکەشی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات و ببێتە هەنگاوێک بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی ئیشوکارەکانی حکوومەت".
رۆژی 15-7-2019 وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوون. لە یەکەم کۆبوونەوەدا وەزیرەکان راسپێردران بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژدا دابڕێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسندبکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
Your Comment