هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی سه‌ماوه‌ ده‌ست پێده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی سه‌ماوه‌ له‌ باشووری عێراق ده‌ست پێده‌کات و پێشبینی ده‌کرێت 200 ڕووفاتی کوردی تێدا بێت.

کوردپرێس:

فوئاد عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: ڕۆژی دووشه‌ممه 22-7-2019‌ شاندێکی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان سه‌ردانی پارێزگای سه‌ماوه‌ ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان که‌ بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23-7-2019 ده‌ست به‌ ڕێوڕه‌سمی هه‌ڵدانه‌وه‌که‌ بکرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان هۆکاری دره‌نگکه‌وتنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان سه‌ماوه‌ی له‌ باشووری عێراق بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ سه‌رقاڵی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی شنگال بوون.

فوئاد عوسمان باسی له‌وه‌ش کرد که‌ تیمی نیشتمانیی عێراق که‌ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان و عێراقی تێدایه‌ به‌ ئه‌رکی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان هه‌ڵده‌ستن.

گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان ده‌که‌ونه‌ بیابانه‌کانی باشووری شاری سه‌ماوه‌ به‌ دووری 100 کیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی پارێزگای موسه‌ننا و نزیکه‌ی 200 ڕووفاتیان تێدایه‌.

له‌ مانگی ئاداری 2018دا پارێزگاری موسه‌ننا ڕایگه‌یاند که‌ چوار گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددامیان له‌ بیابانه‌کانی سه‌ماوه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو قوربانییه‌کان کوردن.

له‌ 14ی نیسانی ساڵی 1988 شاڵاوی ئه‌نفال له‌لایه‌ن حکوومه‌تی به‌عس به‌ سه‌رۆکایه‌تیی سه‌ددام حوسێن دژی کورد ده‌ستی پێکرد و له‌ ئه‌نجامدا و له‌ هه‌شت قۆناخدا زیاتر له‌ 182 هه‌زار کورد کۆمه‌ڵکوژ و بێسه‌روشوێن کران.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65208

Your Comment

You are replying to: .
captcha