بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی یەکشەمە 30ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 21ی تەمووزی 2019 نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکیدا دەستخۆشییان لە سوپای پاسداران کردووە کە دەستی بە سەر کەشتییە نەوتییەکەی بەریتانیا گرتووە ئەوەش پاش ئەوەی دوو هەفتە لەوەو پێش بەریتانیا کەشتییێکی ئێرانیی لە "جبل الطارق" گرتبوو.
نامەکە واژۆی نزیکەی 200 نوێنەری پەرلەمانی لە سەرە و بە وتەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی واژۆکان زیادیش دەکەن.
لە دەقی پەیامەکەی نوێنەرانی پەرلەماندا ستایشی جووڵە کردارییەکانی سوپای پاسداران کراوە و نووسراوە: "دیارە ئەوانەی ئیدعای دەسەڵات دەکەن بەنیازن وای بنوێنن کە گەرووی هورموز و کەنداوی فارس ئەمنییەتی تێدا نیە ئەوەش لە کاتێکدا بەشێکی زۆری وزەی سروشتیی جیهان بەو ناوچەیەدا تێپەڕ دەبێت. بۆیە ئێمە وەک نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران پشتگیریی ئەو ڕەدفیعلانەی سوپای پاسداران دەکەین و داواکاریشین بەردەوام بێت لە سەر بەبڕشتیی خۆی."
شایانی باسە پێش دوو هەفتە بەریتانیا دەستی بە سەر کەشتییێکی ئێرانیدا گرتووە کە هەڵگری زیاتر لە یەک ملوێن بەرمیل نەوت بووە و تا ئەم کاتەش کەشتییە ئێرانییەکە ئازاد نەکراوە.
بەرپرسانی فەرمیی ئێران وەک کاردانەوە داوایان لە بەریتانیا کردبوو ئەو کەشتییەی بە نایاسایی گرتوویەتی ئازاد بکات ئەگینا وەڵامی پێویستیان بۆی دەبێت.
ئایەتوڵڵا خامنەی ڕێبەری باڵای ئێرانیش هەفتەی ڕابردوو هەڕەشەی کرد کە ئەوەی بەریتانیا کردوویەتی دزیی دەریایییە و بێ وەڵام نامێنێتەوە.
Your Comment