ئەمریکا بە فەرمی تورکیای لە پڕۆژەی F-35 بێ بەری کرد

بەشی تورکیا- ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند تورکیا لە پڕۆژەی دروست کردنی فڕۆکەی F-35 دەرکراوە چوونکە سیستەمی مووشەکیی ئێس 400ی لە ڕووسیا کڕیوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی چوارشەمە 17ی تەمووزی 2019 کۆشکی سپی ڕایگەیاند تورکیا لە پڕۆژەی دروست کردنی فڕۆکەی F-35 دەرکراوە لەبەر ئەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400ی لە ڕووسیا کڕیوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆشکی سپی هەموو ئەو 35 فڕۆکەوانە تورکەی بڕیار بوو بۆ فڕۆکەی F-35 مەشقیان پێ بکرێت دەگەڕێنەوە بۆ ئەنقەرە و چیتر تورکیا شەریک نابێت لە دروست کردنی فڕۆکەی F-35.

بڕیار بوو تورکیا وەک وڵاتێکی بەشدار لە پڕۆژەی چێ کردنی فڕۆکەی F-35 نزیکەی 100 فڕۆکەی لەو جۆرە بکڕێت و فڕۆکەوانەکانیشی مەشقیان پێدەکرا. پێنتاگۆن داوای لە فڕۆکەوانە تورکەکان کردووە تا ڕۆژی 31ی تەمووز خاکی ئەمریکا بەجێ بهێڵن.

تورکیا چەند پارچەیێکی ئەو فڕۆکەیەی بەرهەم دەهێنا و ئێستا ئەمریکا ناچارە وڵاتێکی دیکە وەک بەدیلی تورکیا بەکار بهنێت.

پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو ئەگەر تورکیا سیستەمی مووشەکیی ئێس 400ی ڕووسی بکڕێت ئیتر لە فڕۆکەی F-35 بێ بەش دەبێت.

شایانی باسە تا ئێستا 14 کاروانی هەڵگری سیستەمی مووشەکیی ئێس 400 لە ڕووسیاوە گەیشتۆتە تورکیا.

News Code 65086

Your Comment

You are replying to: .
captcha