یەکەم بڕیارەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە هاووڵاتییان دەرکرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی کۆتایی هات و 5 بڕیاری ئەو ئەنجومەنە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا کە زیاتر تەرکیزی لە سەر سامانپێدانی کاروباری دایرە و فەرمانگە وەزارەییەکان لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە هاووڵاتییان بوو.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەممە 15/7/2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی ساز کرد و تیایدا چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان به گشتى و بەتايبەتى مووچەخۆران و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی شەهیدانی کرد کە لە ساڵانی رابردوو شانیان دایە بەر بەرگریی کردن و پاراستنی سەروەری هەرێمی کوردستان و قارەمانانە بەڕووی هەموو سەختی و ناخۆشی و قەيران و ئابڵوقەکان وەستانەوە، بەڵینیشی دا کە درێغی نەکەن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە بێ جیاوازی.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، دوای روونکردنەوەی كارەكانى دەستبەکاربوونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشناییی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژدا دابڕێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: "سبەینێ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغد ا له چوارچێوەى دەستوور".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزيران چەند بڕیارێکی گرنگى لەبارەی دەوامی وەزیرەکان و خاوەن وەزيفه باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی رۆتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو داموودەزگاکانی حکوومەت خستە ڕوو، دواتر بەکۆی د ەنگ پەسەند كران.

دەقی بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنیی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: دەبێت رۆتین لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەیێکی خێرا و ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکوومەتە و دەبێت وەڵامی ڕوون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک ڕوون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتییان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکوومەتدا.

پێنجەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیێک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

News Code 65018

Your Comment

You are replying to: .
captcha