بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: "دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆكی شارەوانیی فەڕەنسا بەیەكەوە كۆ بوونەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە، كە دەكاتە 15ی ئەم مانگە، یاداشتنامەیێک لە بارەگای سەرەكیی شارەوانیی پاریس لە نێوان شارەوانیی پاریس و پارێزگای هەولێر واژۆ بكرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا وەكوو دوو پایتەخت هاوكاریی یەكتری بكەن".
دۆڵەمەڕی ڕاشیگەیاند: "واژۆ كردنی ئەم یاداشتنامەیە، گرنگیی خۆی هەیە، بەوەی هەردوولا هاوكاریی یەكتری دەكەن لەزۆر رووەوە، لەوانە كاروباری شار، هۆیەكانی گواستنەوە، پارک و شوێنە گشتییەكان، زبڵ و خاشاک و زێراب و ئاو و ئاوەڕۆ، كە زیاتر بوارەكانی شارەوانی دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی داهاتوو و ژینگەپارێزی دەخرێتە بەرنامەوە، كە زۆر گرنگە و لەلایەن فەڕەنساوە كاری لەسەر دەكرێت".
ناوبراو دەشڵێ: "لە فەڕەنسا سەرۆكی شارەوانیی پاریس دەسەڵاتێكی زۆر بەرزی هەیە، بۆیە هاوكاریی هەردوولا گرنگە".
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 11/7/2019 لە شارەوانیی پاریس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆكی شارەوانیی فەڕەنسا كۆبووەوە، پێشتریش سەرۆكی شارەوانیی پاریس دوو جاری تر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، یەكەمیان لە ساڵی 2015 و جاری دووەمیش لە مانگی چواری ئەمساڵدا بوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment