بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوای بانگهێشت کردنی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، عەلی رەزا گیونەی، باڵیوزی تورکیای لە عێراق بانگهێشت کرد بەهۆی ئەو دەستدرێژییە روون و تاوانکارییەی رۆژی 20ی تەمموزی 2022 لە یەکێک لە سەیرانگەکانی گوندی پەرەخی لە شارۆچکەی دەرکاری پارێزگای دهۆک ڕوویدا.
لە یاداشتەکەدا هاتوو: عێراق مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو پاراستنی سەروەری و خاک و سەلامەتیی هاوڵاتییەکانی لە هەر دەستدرێژییەک، عێراق داوا دەکات هەموو هێزەکانی تورکیا لەناو خاکەکەی بکشێنەوە.
هەروەها، عێراق داوا لە تورکیا دەکات کێشە ناوخۆییەکانی دوور لە سنوری عێراق و زیانگەیاندن بە گەلەکەی، چارەسەر بکات، جگە لەوەش تورکیا بەشێوەی فەرمی داوای لێبووردن بکات لە تاوانەکەی زاخۆو قەرەبووی کەسوکاری شەهید و بریندارەکان بکاتەوە..
ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ و سەرچاوەکانی هێز بۆ راوەستان لەبەرامبەر ئەو پەرەسەندنە مەترسیدارەی زنجیرە هێرشەکانی تورکیا.
Your Comment