کوردپرێس:
پاش ئەوەی قۆناغی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد هاتنی وەفدی سیاسی و ئابووریی ئەمریکی بۆ هەولێر و سلێمانی زیادی کرد. پارێزگاری سلێمانی لەبارەی گوشارەکانی ئەمریکا و ڕێژەی پابەندبوونی هەرێم و بەتایبەتی سلێمانی بە گەمارۆکانی ئەمریکا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "لە دەوڵەتی عێراقەوە هیچ بڕیارێک بۆ ڕاگرتن یان داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران نەدراوە. ئێمەش پابەندی ئەو بڕیارانەین کە حکوومەتی ئیتحادی لە سەر ئەو بابەتە دەیدات. خاڵێکی دیکەش لە ستراتیجی و بەرنامەی کاری ئێمەدا بڕوا بە فرەسەرچاوەیی و فرەبازاڕی و فرە سەرمایەدانەری هەیە. بۆیە ئێمە چۆن پێشوازی لە بازرگان و سەرمایەدانەرانی کۆماری ئیسلامی دەکەین بە دڵنیایییەوە پێشوازییش لە سەرمایەگوزارانی ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا و وڵاتانی دیکەش دەکەین و ئەوەشمان لە کەس نەشاردۆتەوە.
هەڤاڵ ئەبووبەکر زیادیشی کرد: "ئێمە نابین بە بەشێک لە ئەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا هەیە بەڵکوو دەبین بە هۆکاری ئاسایش و ئارامی. ئێمە بە هەموو لایێکمان وتووە ئەم شەڕە شەڕێکی سیاسی نیە؛ شەڕێکی ئابوورییە. ئەم ناوچەیەش چەقی ئابووریی هەموو دنیایە و وزەی هەموو دنیا لەم ناوچەیە بەرهەم دێت. جووڵەی کەشتی و بارهەڵگرەکانی دنیا لەم ناوەدایە. بۆیە هەر شەڕێک لەم ناوچەیەدا ڕوو بدات زیان بە ئابووری و ئاسایشی هەموو دنیا دەگەیەنێت. بەو پێیەش ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە ناوچەکە ئارام بێت."
شایانی باسە ڕۆژی یەکشەمە 16ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 7ی تەمووزی 2019 هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە گفتوگۆیێکی دیکە لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا باسی پڕۆژەی هاوبەشی نێوان دوو پارێزگای سنە و سلێمانیی کردبوو و ڕایگەیاندبوو دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەشی نێوان سلێمانی و سنە ئەم جارەیان جدییە و سێ گەرەنتیی پتەو هەن کە جێبەجێکرانی پڕۆژە هاوبەشەکەی نێوان دوو پارێزگا کوردنشینەکە دەستەبەر دەکات ئەگەرچی زیاتر لە دە ساڵە ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لە سەردەمی کابینەکەی بەرهەم ساڵحدا کرابوو. یەکەم گەرەنتی ئەوەیە پشتیوانییێکی دەوڵەتی هەیە بۆ ئەو پڕۆژە هاوبەشە نەک تەنیا پشتیوانییێکی نێوان دوو پارێزگا. دووهەم: ژووری پیشەسازی و بازرگانیی هەردوولا ئامادەییی تەواویان هەیە کە کار بکەن. سێهەم: گرینگترین گەرەنتی ئەوەیە خاوەن پیشە و سەرمایەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی گرینگە لەو شوێنانە کارگەکانیان دابنێن.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
ئەم هەواڵەش بخوێنەوە:
Your Comment