کوردپرێس: ڕێبهری ئاینی زهردهشتیان له ههرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: " بۆ ماوەی چوار ساڵە ئێمە بانگەشە دەکەین و ناوەندی زەردەشتیانمان هەیە و چەندین ناوەند و ڕێکخراوی تر دامەزراوە لە هەرێمی کوردستاندا و لە ئەوروپا و لە ئوستورالیا و لە ئەمریکا برەوێکی زۆر گەورەی بەخۆی داوە و لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا ژمارەیێکی زۆر خەڵک ڕوویان کردوەتە ئایینەکە و بەردەوامیشە خەڵک لە گەڕانەوەی بۆ سەر ئایینی زەردەشتی.
پیرلوقمان ڕێبهری ئاینی زهردهشتیان له ههرێمی كوردستان جهختی كردهوه "ئێستا ئاینی زهردهشتی لە گەشەسەندنێکی زۆر بەردەوامدایە، نەک وەستابێت، بەپێچەوانەوە، لەساڵی 2019 لە هەموو ساڵەکانیتر زیاتر گەشەی کردووە زیاتر لە برەودایە."
دهربارهی بوونی ژمارهی پهیڕهوانی ئاینی زهردهشتی له هەرێمی كوردستان، پیر لوقمان وتی "لەبەرئەوەی لە چەندین شوێنەوە بەردەوام خەڵک ئەبێتە زەردەشتی، ڕێژەکە دیاریکراو نییە بەردەوام ئەگۆڕێ و بەردەوام لەبەرزبوونەوە دایە و بەردەوام خەڵک پشتێنی زەردەشتی دەبەستێت و دێتە سەر ئایینەکە، بۆیە سیستەمی کارکردنمان گۆڕیوە بەتایبهتی لەساڵی 2019دا، لە ڕاستیدا ئەو ژمارەیە لای خۆمان دەپارێزین، بەڵام تا ئێستا دەیان هەزار کەس بوونەتە زەردەشتی".
لهوهڵامی ئهو پرسیارهی ئایا ڕێژەیەکتان لایە، ڕۆژانە یان خود هەفتانە، چەن کەس دەبنە زەردەشتی و لە چی ئاینێکەوە ئایینەکەیان دەگۆڕن؟ پیرلوقمان دهڵێت" پێش هەموو شتێک، ئایین گۆڕین نییە گەڕانەوەیە بۆ ئایینی کورد، واتە گەڕانەوەیە بۆ خود، ئێمە وا باوەڕمان پێیەتی و بانگەشەکانیشمان وایە و هەقیقەتیش وایە، " کەتوار" یان واقیعی کوردستانی بەو شێوەیە، واقیعی " کەتواری" ئایینی مەبەستمە، ئەو " کەتوارەی" بەسەر کوردستاندایە کە وا خەڵک بووە بە موسڵمان و کورد موسڵمانە، ئێمە دەست بۆ ئایینە کوردییەکان نابین، ئێمە هیچ کەسێک لە یارسان یان خورشیدی وەرناگرین، چۆن ئایینی ئیسلام یان کریستییان بانگەشەکارە ئێمەش بانگەشەی خەڵک دەکەین بۆ سەر ئایینی زەردەشتی، هەڵبەت ئەو خەڵکەی دێنە سەر ئایینی زەردەشتی، یا مەسیحین یان موسڵمانن".
ڕێبهری ئاینی زهردهشتیان لهههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوهكرد چهندین بهربهست لهبهردهمیاندا ههیه، لهو ڕوهوه وتی" لە ڕووی ئیدارییەوە، لە هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی ئەوقاف هیچ کارێک بۆ زەردەشتییەکان ناکات و ئەو نوێنەرەشی دایانناوە ناهێڵن دەسبەکاربێت و کاریشی پێناکەن و تەنها بۆ پرسی حیزبی یان حکوومیی خۆیانە، واتە کارتۆنییە، هەموو ڕێگەیێکیان لەو ڕێگەیەوە لێ بەستینیتەوە و هەتا ئێستا دانیان پێ نەناوین و تەنانەت ئێمە پەرەستگایەکمان هەیە، کە یەکەم پەرەستگای زەرەدەشتیانە لە کوردستان کراواتەوە و ئەوراقەکەشیان ون کردووە".
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا حکوومەت ئەوراقەکانی ون کردووە، پیرلوقمان دەڵێت: بەڵێ حکوومەت، لەڕاستیدا حیزب، خوی حکوومەت نییە لە کوردستاندا، حکوومەت لە حیزب پێکدێت و حیزبە کوردستان دەبات بەڕیوە، خۆی ئەمە "کەتواری" کوردستانە و هەمووشمان ئەوە ئەبینین کە چۆنە، بۆیە هەموو ڕێگەیێکمان لێ گیراوە و هەموو جۆرە کارگرانییەکمان بەسەردا دەکەن، هەموو دۆخێک دژی فراوان بوونی ئایینی زەردەشتی وکارەکانی زەردەشتیانە لە کوردستاندا".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment