به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕاپۆرتگه‌لێکی له‌باره‌ی به‌خزمه‌تگرتنی منداڵان وه‌ک هێزی سه‌ربازی له‌لایه‌ن هێزی کوردی سووریاوه ئاماده کرد و به توندی ڕه‌خنه‌ی له‌و بابه‌ته گرت.
به‌پێی به‌یاننامه‌یێک که له‌لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی سووریای دیموکرات له سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ژێنێڤ ڕێککه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ UN واژۆ کردووه له‌سه‌ر بهخزمهتنهگرتنی سه‌ربازه منداڵه‌کان و ڕێگری له چه‌كداركردنی منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی 18 ساڵ.
ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ته‌ئکیدی کردووه که ڕێککه‌وتنه‌که له‌لایه‌ن UN و هه‌سه‌ده واژۆی له‌سه‌ر کراوه و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ژێر فه‌رمانده‌ییی ئه‌و هێزه پابه‌ند ده‌بن به‌وه‌ی ڕێگه به چه‌كداركردن و به‌سه‌ربازكردنی منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی 18 ساڵ نه‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر منداڵێكیش له ڕیزه‌كانیاندا بێت كۆتایی به چه‌كداربوونی بهێنرێت و ئاماده بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانی مه‌ده‌نی.
هه‌روه‌ها ته‌ئکید کراوه‌ته‌وه که هێزه کوردییه‌کان ده‌بێ وێڕای خۆبواردن له به‌خزمه‌تگرتنی منداڵانی نوێی کچ و کوڕی ژێر ته‌مه‌نی 18 ساڵ، ئه‌ندامانی ئێستای هێزی سووریای دیموکرات دیاری بکه‌ن که ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵه و فه‌رمانی پێویست له‌باره‌ی پشتیوانی له‌وان و بهخزمهتنهگرتنیان جێبه‌جێ بکه‌ن.
هێزی سووریای دیموکرات که زۆربه‌یان له هێزی کوردی سووریا ناسراو به یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل و عه‌ره‌ب و ئاشوورییه‌کان پێکهاتووه نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چوار خاکی سووریای به‌ده‌سته‌وه‌یه و له ناوچه‌کانی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا جێگیر بوونه و هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی ئه‌مریکا له سووریا دێنه ئه‌ژمار. ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ژماره‌ی هێزی سووریای دیموکراتیان نزیکه‌ی 60 هه‌زار که‌س به‌راورد کردووه به‌ڵام زۆربه‌ی فه‌رمانده‌کانیان کوردن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment